پەیامی کورد... ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێکی "ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ لەسەرجەم بەرەکان و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" واژۆ کراوە.
لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە "هەسەدە" وەک هەنگاوێکی بەرایی بۆ دووبارە بڵاوبوونەوە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەکشێنەوە، هەروەها دەستبەجێ هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە لە ڕووی کارگێڕی و سەربازییەوە بەتەواوی ڕادەستی حکومەتی سووریا دەکرێن، و سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکەش لە نێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانیدا تێکەڵ دەکرێن.
هەروەها بەندەکانی ڕێککەوتنەکە جەخت دەکەنەوە سەر ئەوەی کە حکومەتی سووریا سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکە وەردەگرێتەوە و پاراستنیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەبێت.
ڕێککەوتنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرجەم ئەندامانی سەربازی و ئەمنیی "هەسەدە" بە شێوەی تاکەکەسی لە ناو پێکهاتەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریادا تێکەڵ دەکرێن. هەروەها سەرکردایەتی "هەسەدە" پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو لە ڕیزەکانیدا جێگیر نەکات و لیستی ناوی ئەو ئەفسەرانەی ڕژێمی پێشووش کە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان ڕادەستی حکومەت بکات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا هاتووە کە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە دەردەچێت وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداری سیاسی و نوێنەرایەتی ناوخۆیی، هەروەها شاری کۆبانێ لە دەرکەوتە سەربازییە قورسەکان چۆڵ دەکرێت و هێزێکی ئەمنی لە ڕۆڵەکانی شارەکە پێکدەهێنرێت.