کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتانیاهۆ: سووریا لە پێشەنگدایە و لوبنان لەژێر گوشاردایە

Dîroka Belavkirin :
کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتانیاهۆ: سووریا لە پێشەنگدایە و لوبنان لەژێر گوشاردایە
پەیامی کورد... کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتانیاهۆ: سووریا لە پێشەنگدایە و لوبنان لەژێر گوشاردایە

ناوچەکە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات، لە ناوەڕاستی پێشبینییەکان بۆ تاوتوێکردنی سێ دۆسیەی سەرەکی: قۆناغی دووەمی جەنگی غەززە، ڕێکخستنی ئەمنیی نێوان ئیسرائیل و سووریا، و دۆسیەی ئێران و حزبوڵڵا، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان لەسەر لوبنان دەبێت.

دیدگا ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان لەسەر ئەوە یەکدەگرنەوە کە هەلێک بە دەوڵەتی لوبنان بدرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی ناوخۆیی خۆی، بە جۆرێک کە ڕێڕەوی پشتگیریکردنی بەیروت لە ڕێڕەوی گرژییەکان دژی حزبوڵڵا جیا بکرێتەوە. هەروەها هەر لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ لوبنان دەبەسترێتەوە بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی هاوتەریب لەگەڵ سووریا، کە واشنتن ڕۆڵی دەستەبەر (ضامن) دەگێڕێت.

لە بەرامبەردا، هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل مەیلی بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان هەیە و هەوڵ دەدات پشتگیری ئەمریکا بۆ هێرشی سەربازی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئاستی مەترسییەکان لەسەر لوبنان بەرز دەکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ویلایەتە یەکگرتووەکان فشار دەکات بۆ ڕاگرتنی جەنگی غەززە و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئەمنی لەگەڵ دیمەشق؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاماژەکان بۆ هەبوونی تەباییەکی ئەمریکی-سووری هەن و تەنها چاوەڕێی فشارێکی ڕاستەقینە لەسەر تەلئەبیب دەکرێت.

ئەگەر ڕێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل بێتە بەرهەم، لوبنان ڕووبەڕووی گوشاری زیاتر دەبێتەوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، ئەمەش لە ناوەندی ئەگەری خستنەڕووی هاوکێشەی "مامەڵە" (مقايضة) لە نێوان سەقامگیریی ناوچەیی و گرژیی سەربازیدا.

لە ئەنجامدا، لوبنان لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردا وەستاوە؛ لە نێوان هەلی بەهێزکردنی سەقامگیری و گوشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا کە ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا بژاردەی سەخت بەسەریدا بسەپێنن.