پەیامی کورد ... گڕووسی داوای گەڕانەوەی پشکنەرەکان بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات
لەکاتێکدا بڕیارنامە نوێیەکەی دەستەی پارێزگاران گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و تارانی گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ، سەرۆکی ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی داوای دەست پێکردنەوەی دەست بەجێی پشکنینەکان دەکات و ئێرانیش هۆشداری دەدات کە زمانی سزادان دەرگای گفتوگۆکان دادەخات.
ڕافائیل گرووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکییان بریتییە لەوەی ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بگەڕێننەوە دۆخی ئاسایی و ڕێگە بە پشکنەرەکانیان بدرێت، سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو ووڵاتە بکەنەوە تاوەکوو چاودێری ووردی پڕۆسەکان بکەن.
ئەم داواکارییە لە کاتێک دایە کە هەفتەی ڕابردوو دەستەی پارێزگارانی ئاژانسەکە بڕیارنامەیەکی تووندی پەسەند کرد، تێیدا حکوومەتی تارانی پابەند کرد بەوەی دەبێت بەپەلە و بەبێ بیانوو چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە ئاشکرا بکات کە بووەتە جێی گومانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.