ئه‌مریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند

ئه‌مریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند

وەزارەتی گه‌نجینه‌ی ئەمریکا، سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند و چوار کەس و دوو کۆمپانیای تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی "دەستیان هەبووە لە چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەکان"ی سوپای پاسدارانی وڵاتەکە.

وەزارەتی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا، لە ڕاگەیاندراوێكدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌:  ئەو لایەنانە زیاتر لە دەیان کۆمپانیای ئەمریکی و دامەزراوە حکوومییەکانیان لە ڕێگەی کردارە ئەلیکترۆنییەکانەوە کردووەتە ئامانج."

جگە لە سزاکان، وەزارەتی دادی ئەمریکا و FBI دۆسێیەکی تۆمەتبارکردنیان لەسەر ئەو چوار کەسەکە ئاشکرا کردووە بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان هەبووە لە چالاکییە ئەلیکترۆنییەکان کە دامەزراوە ئەمەریکاییەکان دەکەنە ئامانج.

مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە هەڵمەتێکی هاککردنی ڕێکخراو کە سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە بووە و زیاتر لە دەیان کۆمپانیای ئەمریکی و وەزارەتی گه‌نجینەی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشی تیادا کراوەتە ئامانج.

وەزارەتی داد ڕایگەیاندووە، ئەو چالاکییە زیان بەخشە لە دەوروبەری ساڵی 2016 دەستی پێکردووە و تا مانگی چواری 2021 بەردەوام بووە.

وەزارەتی گه‌نجینە ڕایشیگەیاندووە ئەو لایەن و کەسانەی کە دەستیان لە هاککردنی خەڵک و کۆمپانیاکان لە ئەمریکا هەبووە "بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی ئەمریکا بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک چالاکیی ئەلیکترۆنیی زیانبەخش، هەر لە بلۆککردنی فایلەکانەوە تا دەگاتە بردنی زانیاری لەسەر کۆمپانیا و کارمەندەکانی و دەزگا حکوومییەکان."

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێکخراوی فەرماندەیی ئەلیکترۆنیی سوپای پاسدارانی ئێران ( IRGC-CEC) یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی سەر بە حکوومەتی ئێران کە دەستی هەبووە لە چالاکییە ئەلیکترۆنییە زیانبەخشەكان و لە ڕێگەی زنجیرەیەک کۆمپانیای ترەوە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تری بە ئامانج گرتووە.

وەزارەتەکە دەشڵێت بەشی زۆری خەڵکی ئێران ئاگاداری ئەوە نین کە بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئێران وەکوو مێهرسام ئەندێشە ساز نیک، یەکێک لەو دوو کۆمپانیایە کە لە 23ی چواردا سزای بەسەردا سەپێندراوە، لەلایەن IRGC-CEC وە بەکار دەهێنرێت.

سزاکان هەر سەروەت و سامانێکی کە ئەو لایەن و کەسانە لە دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکادا هەیانە سڕدەکات و بە گشتی ڕێگری لە ئەمریکاییەکان دەکات مامەڵە لەگەڵیاندا بکەن.