PeyamaKurd - تاران هۆشداری دەداتە ووڵاتانی کەندئاو
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەینی، جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی ووڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەندئاو بە پرەنسیپی دراوسێیەتی باش کردەوە.
لە ڕاگەێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دا هاتووە، چاوەڕوان دەکەن ئەو ووڵاتانەی خاکەکەیان بۆ بە ئامانجگرتنی ئێران بەکارهێنراوە، پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیان دا بکەن. ئاماژەی بەوەش داوە، دەبێت ووڵاتانی کەندئاو ڕێگری بکەن لەوەی لایەنی سێیەم خاک و دامەزراوەکانیان بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک دژی ئێران بەکاربهێنێت.
لە لایەکی ترەوە، تاران نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەرانبەر ئەوەی بە "درۆ گەورەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" وەسفی کردووە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتی خوازەکەی و داوای لە ووڵاتانی کەنداو کردووە بچنە پاڵ دەستپێشخەرییەکەی ئێران بۆ هێنانەدی ناوچەیەکی خاڵی لە چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژئاوای ئاسیا.
ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای سەردانەكەی ڕۆژی پێنجشەممەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ بەحرەین و دواتر بۆ ئیمارات و کووەیت دێت.