نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو توندوتیژیی سێکسی لەکاتی جەنگدا 50% زیادیکردووە

نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو توندوتیژیی سێکسی لەکاتی جەنگدا 50% زیادیکردووە

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، لە ساڵی رابردوودا توندوتیژیی سێکسی لە کاتی جەنگ و نائارامییەکاندا بەڕێژەی 50% زیادیکردووە لە جیهاندا.

برامیلا باتن، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ توندوتیژیی سێکسی لە کاتی ململانێکان رایگەیاند، توندوتیژییەکانی پەیوەست بە جەنگ و ململانێکان لە ساڵی 2023دا بەڕێژەی 50% زیادیکردووە.

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە گوتەیەکیدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کاتی پێشکەشکردنی راپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە توندوتیژیی سێکسی پەیوەست بە شەڕ و ململانێکان جەختیکردووە، توندوتیژییە سێکسییەکان بەردەوام لە زیادبوونێکی مەترسیداردایە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی بەرپابوونی جەنگ و توندوتیژییەکانی ساڵی رابردوو لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، کە لەلایەن سەرباز و گرووپە چەکدارە نایاسایی و فەرمییەکانی سەر بە دەوڵەتەوە ئەنجامدراون، بەشێوەیەکی بەرچاو هاوڵاتییانی سڤیلیان کردووەتەئامانج و کاری فڕاندن و توندوتیژی سێکسیان بەشێوەیەکی بەرچاو پەیڕەو کردووە.

وەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە سێ هەزار و 600 حاڵەتی توندوتیژیی پەیوەست بە شەڕ و ململانێکانەوە تۆمارکردووە، کە بە رێژەی 95% بەرامبەر بە ژنان و کچان کراوە، لە بەرامبەریشدا تەنیا لە 5%ی توندوتیژییە سێکسییەکان بەرامبەر بە پیاوان پەیڕەو کراون.

روونیشکراوەتەوە، 32%ی حاڵەتە تۆمارکراوەکان بەرامبەر منداڵان بووە، لەو رێژەیەش لە 98%ـی کچان بوون.

راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە هەریەک لە فەڵەستین، لیبیا، یەمەن، سودان، عێراق و سووریا توندوتیژیی سێکسی بەرامبەر هاوڵاتیانی سڤیل پەیڕەو کراوە.