پەیامی کورد... پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەنێوان پابەندبوونی دەستووری و حیساباتی دواخستندا
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بەهاری ٢٠٢٦دا، دیمەنێکی سیاسیی تەمومژاوی باڵی بەسەر دۆخەکەدا کێشاوە، کە تێیدا جەختکردنەوەی فەرمی بۆ ڕێزگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، تێکەڵ بە دزەپێکردنی هەواڵەکان دەربارەی گفتوگۆی ڕاگەیەننەکراو دەبێت؛ گفتوگۆگەلێک دەرگا دەکەنەوە بۆ دواخستنێکی سنوردار یان هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن، ئەگەر دەرفەتی دەستووری بۆ ئەوە بڕەخسێت. ئەم دژبەکییە ڕەنگدانەوەی واقعێکە کە تەنها لایەنی تەکنیکی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە جەوهەری بڕیاری سیاسی و دەستوورییەوە هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە میکانیزمی دەنگدانی لوبنانییەکانی دەرەوەی وڵات.
تا ئێستا، ڕێڕەوی ئیداری بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە هەڵبژاردن لە مانگی ئایاردا ئەنجام بدرێت بەپێی یاسای بەرکار، لەگەڵ پابەندبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە وادە دیاریکراوەکان، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە تۆمارکردنی کۆچبەران و ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. بەڵام ئەم ڕێڕەوە لەگەڵ ململانێیەکی سیاسیی کراوە لەنێوان فراکسیۆنەکاندا یەکدەگرێتەوە دەربارەی چۆنیەتی هەژمارکردنی دەنگی کۆچبەران و نوێنەرایەتیکردنیان، ئەمەش دۆسیەکە لە هەر ساتێکدا دەخاتە بەردەم ئەگەری کێشمەکێش.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە سیاسییەکان لە بەریەککەوتن لەگەڵ وادە دەستوورییەکان دەترسن، لە هەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەن ئەو کاتەی ماوە بیقۆزنەوە بۆ سەپاندنی هەموارکردنێک کە لە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی خۆیاندا بێت. ئەگەر ئەمە سەرینەگرت، ئەوا هەڵبژاردن بەپێی یاسای ئێستا بەڕێوەدەچێت، کە ئەمەش کۆمەڵێک کێشە دەوروژێنێت سەبارەت بە میکانیزمی دەنگدانی دانیشتووانی دەرەوە و ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆیان تەرخان دەکرێت، لە سایەی نەبوونی وردەکاریی جێبەجێکردنی ڕوون.
ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبن لەگەڵ تۆمارکردنی دەیان هەزار دەنگدەر لە دەرەوە، هاوکات لەگەڵ دانپێدانانی فەرمی بە نەبوونی ئامادەیی تەواو بۆ جێبەجێکردنی هەندێک بڕگەی یاساکە و سپاردنی ئەم کێشەیە بە دەسەڵاتی یاسادانان بۆ چارەسەرکردنی. ئەم واقعە وای لە هەندێک لایەن کردووە بژاردەی "دواخستنی تەکنیکی" تا مانگی تەمموز بخەنە ڕوو، بە بیانووی پێویستی بە کات، لەکاتێکدا هۆکارە ڕاستەقینەکان لە نەبوونی سازانی سیاسی و دواکەوتنی یەکلاکردنەوەی هەموارە پێشنیارکراوەکاندا دەبینرێنەوە.
سەرچاوەکان پاڵنەرەکانی دواخستنی ئەگەری، لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورت دەکەنەوە: ناکۆکی لەسەر دەنگی کۆچبەران، ئەگەری بەهانووگرتنی بارودۆخی ئەمنی یان هەرێمی، هەروەها خواستی هێزە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی زیاتر بۆ ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانێتییەکانیان یان خستنەگەڕی باشسازیی تەکنیکی لەسەر میکانیزمی دەنگدان.
لە بەرامبەردا، هەر دواخستنێکی فەرمی پێویستی بە یاسادانانێکی ڕوون یان پاساوی نائاسایی هەیە، ئەمەش وای لێ دەکات ببێتە بژاردەیەک کە تێچووی سیاسی و دەستووریی زۆری هەیە. هەروەها خشتەی ئامادەکارییە ئیدارییەکان، لە وردبینیکردنی لیستی دەنگدەرانەوە تا ئامادەیی لۆجستی، پانتایی مانۆڕ تەسک دەکاتەوە و دەرفەتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ساتەکانی کۆتاییدا سنووردار دەکات.
کەواتە، دیمەنەکە لە نێوان دوو بژاردەدا قەتیس دەمێنێتەوە: یا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دەستووریی خۆیدا لەگەڵ چارەسەرکردنی خێرای کەلێنە تەکنیکییەکان، یان ڕۆیشتن بەرەو دواخستنێکی سنووردار کە دەرگا بۆ مشتومڕێکی فراوان دەربارەی شەرعییەت و ڕێزگرتن لە دەستوور دەکاتەوە. لە هەردوو دۆخەکەدا، پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی فیعلی بۆ توانای دەوڵەت لەسەر پابەندبوون بە بنەما دەستوورییەکانی، لە سایەی گوشارە سیاسی و ئەمنییە هەنووکەییەکاندا.