پەیامی کورد ... وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا : ئێرانییەکان نە حكوومەتێكی دینی یان دەوێت، نە پاشایەتی
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەروەی پێشووی ئەمریکا لە ووتارێکدا لە فۆکس نیووز، بە ئاماژەدان بە قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا زۆر لاواز بووە و ئیدارەی ترامپ دەبێ بە زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ڕێژیم و پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کارئاسانی بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بکات.
لەم ووتارەدا مایک پۆمپێئۆ بە ئاماژەدان بە هەوڵەكانی دۆناڵد ترامپ و ئیسرائیل بۆ لاوازکردنی هێزی بە وەکالەتی کۆماری ئیسلامی و شەڕی ١٢ ڕۆژە نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی ئیتر ئەو دەسەڵاتە ناوچەیی یەی پێشوو نییە و ئێستا لە هەموو بەرەیەک دا ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە . ژێرخانی نیزامی ئێران زۆر لاواز بووە و بەرنامە ئەتۆمییەكەی زیانێكی زۆری بەركەوتووە. تۆڕی هێزە بەوەكالەتەكانیشی لە سەراسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریكی لەناوچوونن.
ناوبراو زیادی کرد : بارودۆخی ناوخۆ تاریکە، بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەنی ئابووری، گەندەڵی، و گۆشەگیری نێودەوڵەتی، ئابووری لە پشێوی دایە و ووڵات ڕووبەڕووی کەمی ئاو بووەتەوە، “دەسەڵات کە شەرعیەتی جەماوەری نەماوە و توانای دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵکی نییە، تەنیا ڕێگەیەك بۆ مانەوەی حوكمڕانییەكەی لە ڕێگای ترسە.
مایک پۆمپیۆ هەروەها ووتی : گەلی ئێران لە شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی ڕاپەڕینەکان دا زۆر بە ڕوونی نیشانیان داوە. "ئەوان نە حكوومەتی دینی و نە پاشایەتی یان ناوێت، کۆمارێکی ئازاد و دیموکرت و ووڵامدەریان دەوێت."