وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخچێتیی چەک ڕادەگەیەنێت

Dîroka Belavkirin :
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخچێتیی چەک ڕادەگەیەنێت
پەیامی کورد-  دیمەشق... وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی باندێکی قاچاخچێتیی چەک ڕادەگەیەنێت


وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند کە یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندەواری دیمەشق بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە دەرعا، پێنج کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتیی چەک دەستگیرکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم باندە کاریان کردووە بۆ گواستنەوەی چەک بۆ گرووپە لەیاسا دەرچووەکان لە پارێزگای سوەیدا و ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نین، هەروەها بۆ شانە چەکدارییەکانی سەر بە ڕێکخراوی داعش.

عەمید ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندەواری دیمەشق ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە دوای گەیشتنی زانیاری ورد و جێی متمانە سەبارەت بە چالاکییەکی گوماناوی لە کێڵگەیەکدا ئەنجامدرا، کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ جووڵان و گەمارۆی شوێنەکەیان دا پێش ئەوەی هەڵبکوتنە سەری.

زیاتر وتی: لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر شوێنەکەدا، دەست بەسەر چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (FPV) و سەرجەم پێداویستییەکانیاندا گیراوە، لەگەڵ تەنێک و نیو ماددەی تەقەمەنی لە جۆری TNT، و چەندین بۆمبی دژە کەس کە کێشی هەر دانەیەکیان ٢ کیلۆگرام بووە و بۆ بەکارهێنان لە فڕۆکەی خۆکوژیدا ئامادەکرابوون.

ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم کەلوپەلەکان دەستیان بەسەردا گیراوە و دەستگیرکراوەکانیش ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، تاوەکو دواتر ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.