ئەمریکا دوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" سیستەمی سزاکانی سەر سووریا نوێ دەکاتەوە

Dîroka Belavkirin :
ئەمریکا دوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" سیستەمی سزاکانی سەر سووریا نوێ دەکاتەوە
پەیامی کورد... ئەمریکا دوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" سیستەمی سزاکانی سەر سووریا نوێ دەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (OFAC) لە وەزارەتی خەزێنە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، زنجیرەیەک نوێکاریی بەرفراوانی تایبەت بە سزاکانی سەر سووریا بڵاوکردەوە. ئەم هەنگاوە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر" دێت و وەشانی دەستکاریکراوی هۆشدارییە هاوبەشەکان و نوێکردنەوەی لیستی سزاکان لەخۆ دەگرێت.

لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە وەشانی نوێکراوەی هۆشدارییە هاوبەشەکە، بە ڕەسمی ڕەنگدانەوەی هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر"ە، بەڵام هاوکات جەخت لە مانەوەی ئەو سزایانە دەکاتەوە کە بەپێی فەرمانە کارگێڕییەکانی دیکە سەپێندراون، لە سەرووی هەمووشیانەوە فەرمانی کارگێڕی تایبەت بە بەرنامەی "بەهێزکردنی لێپرسینەوە لە ڕژێمی پێشووی سووریا و سەقامگیری ناوچەکە".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: "ئامانج لەم نوێکارییە ڕوونکردنەوەی مەودای سووککردنی ئەو سنووردارکردنانەیە کە پەیوەندییان بە سزا و کۆنتڕۆڵی هەناردەکردنەوە هەیە بۆ سووریا، بەبێ ئەوەی ئەمە بە واتای هەڵگرتنی گشتگیرانەی سزاکان یان گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر ئەو لایەنانە بێت کە تێوەگلاون لە پشتگیریکردنی ڕژێمی پێشوو".

نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان دووپاتی کردەوە کە هەموارکردنی تەکنیکی و یاسایی لە لیستی کەسایەتی و قەوارە دیاریکراوەکاندا کراوە؛ بە شێوەیەک کە ئاماژەدان بە "یاسای قەیسەر" لە وەسفی ژمارەیەک تاک و کۆمپانیا سڕاوەتەوە، بەڵام هێشتا وەک سزادراو لەژێر چەتری بەرنامەی "لێپرسینەوە لە ڕژێمی پێشووی سووریا"دا ماونەتەوە.

هەموارکردنەکان چەندین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵە، کۆمپانیاکانی نەوت، خانووبەرە و گواستنەوەی دەریایی دەگرێتەوە، جگە لە کەسایەتییەکانی سووریا و لوبنان کە پەیوەندییان بە چالاکییە دارایی و بازرگانییەکانی پاڵپشتیکاری ڕژێمی سووریاوە هەیە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، نوێکارییەکان بەردەوامیی سزاکانی سەر چەندین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی سووری لەخۆ دەگرێت، لەوانە: کۆمپانیای "ئەدهەم" بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، کۆمپانیای "فازڵ" بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و حەواڵە، و کۆمپانیای "مایا" بۆ ئاڵوگۆڕی دراو، لەگەڵ هێشتنەوەی وردەکاریی بنکە و چالاکییە داراییەکانیان لەناو سووریا.

هەروەها لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "لیستەکە کۆمپانیای پترۆلی (ئارفادا)ی پشکی تایبەت دەگرێتەوە کە لە چالاکییەکانی پشتگیریکردنی دەرهێنانی نەوت و غازدا کاردەکات، جگە لە کۆمپانیاکانی خانووبەرەی وەک (راماک) بۆ پڕۆژە گەشەپێدان و مرۆییەکان، (تەمەیوز)، و کۆمپانیای (ئەجنەحە). هەروەها کۆمپانیای (سالیزار شیپینگ)ی لوبنانی، و کۆمپانیای (STG Logistic)ی ڕووسی کە پەیوەندییان بە چالاکییە لۆجیستییەکانەوە هەیە لە سووریا و ڕووسیا".

هاوکات، نوێکارییەکانی بەرنامەی سزاکانی ئەمریکا ناوی ژمارەیەک کەسایەتی هێشتووەتەوە کە پەیوەندییان بە تۆڕە دارایی و بازرگانییەکانی پاڵپشتیکاری ڕژێمی پێشووی سووریاوە هەیە، لەوانە: سامر کەمال ئەسەد، و چەند ئەندامێکی خێزانی "بەلوی" کە پەیوەندییان بە کۆمپانیای فازڵەوە هەیە، جگە لە نەزیر ئەحمەد محەمەد جەمالەدین، خەلدون حەمێ، و خالید قەدور کە پەیوەندی بە ماهر ئەسەدەوە هەیە؛ ئەمەش لەگەڵ هەموارکردنی بنەمای یاسایی سزاکانیان بەبێ ئەوەی ناویان لە لیستەکە بسڕێتەوە.