پەیامی کورد... ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: چی لە نێوان "حیزبوڵا" و "هەسەدە"ی کوردیدایە؟
لەژێر ناونیشانی "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستە"، ڕاپۆرتێکی سەنتەری "ئەلما"ی ئیسرائیلی بۆ توێژینەوە و پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە دوژمنایەتی هاوبەش بۆ ڕژێمی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی "ئەحمەد ئەلشەرع"، ببێتە هۆی دروستبوونی لێکنزیکبوونەوەیەکی کاتی لە بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا و "حیزبوڵا" لە لوبنان.
ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن توێژەر "تال بێئێری" ئامادەکراوە، ڕوونی دەکاتەوە کە گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکان لە سووریا بوونەتە هۆی دەرکەوتنی کەناڵی پەیوەندی نوێ و چاوەڕواننەکراو لە نێوان لایەنەکاندا کە پێشتر لەسەر نەخشەی ناوچەکە لە دوو جەمسەری دژ بەیەکدا بوون.
دوای دامەزراندنی ڕژێمی نوێی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات کە کورد تێیدا باڵادەستە، خۆیان لەناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانەدا لەگەڵ هێزەکانی ڕژێم بینیوەتەوە، ئەمەش مەترسییەکانی کوردی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی خاک، داهاتووی سەربەخۆیی سیاسی و زامنکردنی ئاسایش لەسەر مەودای دوور زیاتر کردووە.
لە بەرامبەردا، حیزبوڵا لە گۆشەنیگایەکی ستراتیژی فراوانترەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سووریا دەکات، بەتایبەتی لەو بڕگانەی پەیوەستن بە هەژموونی ناوچەیی، ئاسایشی سنوورەکان و هاوسەنگی هێز. سەرەڕای نەبوونی هیچ نزیکایەتییەکی ئایدیۆلۆژی یان سیاسی مێژوویی لە نێوان کورد و حیزبوڵا، بەڵام دەرکەوتنی نەیارێکی هاوبەش (ڕژێمە نوێیەکەی ئەحمەد ئەلشەرع) دەرگای بۆ پەیوەندییەکی وریا و سنووردار لە نێوان هەردوولا کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نوێنەرانی هەسەدە لەم دواییانەدا هەوڵیان داوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حیزبوڵا بەهێز بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە بەیرووت. لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی باڵای کورد و نوێنەرانی حیزبوڵا بە سەرۆکایەتی "عەممار موسەوی"، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی سیاسی حیزبوڵا، بەشدار بوون.
تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە پەرەسەندنە مەیدانی و سیاسییەکان لە سووریا، و ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەکان کە ڕووبەڕووی هەردوولا دەبنەوە. هەروەها بوارەکان و ناوچەکانی نفوزی ئەگەر لە داهاتوودا لەناو خاکی سووریادا و ئەگەری دروستکردنی کەناڵی پەیوەندی نوێ یان فراوانکردنی کەناڵە پەککەوتووەکان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم گفتوگۆیانە سیفەتێکی تاقیکردنەوەیان هەبووە و فەرمی نەبوون، ئامانجی سەرەکیشیان تێگەیشتن بووە لە هەڵوێستی لایەن بەرامبەر، نەک بنیاتنانی هاوپەیمانییەکی هەمیشەیی. بەڵام ڕاپۆرتەکە دووریشی ناخاتەوە کە ئەم دیدارانە باسیان لە ئەگەری پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕژێمی نوێی سووریا کردبێت لە ڕێگەی نێوەندگیری تورکیاوە، بەهۆی ئەو کاریگەرییەی تورکیا لەسەر بزووتنەوە کوردییەکان و پەیوەندییە ناوچەییە ئاڵۆزەکانی هەیەتی.
سەنتەری "ئەلما" جەخت دەکاتەوە کە زەروورەتە ستراتیژییەکان ڕەنگە هەسەدە ناچار بکات ڕێگەی دیپلۆماسی ناتەقلیدی بگرێتە بەر ئەگەر بزانێت بەرژەوەندییە کاتییەکانی دەپارێزێت. بەڵام لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەم پەیوەندییانە ناگەنە ئاستی هاوپەیمانی ستراتیژی و تەنها لە چوارچێوەی "دیالۆگێکی تاکتیکی کاتی"دایە.
ڕاپۆرتەکە چەند هۆکارێک دەخاتە ڕوو کە ڕێگرن لە پەرەسەندنی ئەم پەیوەندییە بۆ هاوکارییەکی بەردەوام، لەوانە، جیاوازی ئایدیۆلۆژی قووڵ، لەبەر حیزبوڵا پەیوەستە بە ئێران و ڕژێمی سووریاوە، لە کاتێکدا هەسەدە جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەری و سیستەمێکی عەلمانی دەکاتەوە. هەروەها دژایەتی لە ئەولەوییەتە ناوچەییەکان ئەوەش لەبەرحیزبوڵا دەیەوێت ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی بەرەو لوبنان بپارێزێت، لە کاتێکدا هەسەدە دەیەوێت حوکمی خۆجێی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بچەسپێنێت. لەلایەکی ترەر بەردەوامی بێ متمانەیی.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنانەت ئەو پەیوەندییانەی مەحاڵیش دەردەکەون، لە ژێر گوشاردا دەبنە ئەگەر، و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بەسەر بنەما ئایدیۆلۆژییەکاندا سەردەکەون، بەڵام داهاتووی ئەم هاوکارییە بەتەواوی بەستراوەتەوە بە پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی قۆناغی داهاتوو.