پەیامی کورد- حەلەب... تەقینەوەیەک لە شاری حەلەب ڕوویدا
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا کە دەوریەیەکی پۆلیسی لە ناوچەی باب ئەلفەرەج لە شاری حەلەب کردە ئامانج، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کوژرا و دووانی دیکەش بە برینى جیاواز بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەندامێکی وەزارەتی ناوخۆ شەهید بوو و دووانی دیکەش بریندار بوون؛ ئەمەش بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە کە کەسێک ئەنجامی دا لە کاتی گومانلێکردن و پشکنینیدا لەلایەن کارمەندانی پۆلیسەوە لە یەکێک لە بازگەکانی گەڕەکی باب ئەلفەرەج لە شاری حەلەب".
پارێزگای حەلەب لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "کەسێکی نەناسراو بە بەکارهێنانی پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو، تەقینەوەیەکی خۆکوژی ئەنجامدا و دەوریەیەکی پۆلیسی لە باب ئەلفەرەج لە ناوەندی حەلەب کردە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بینرا و هەوڵی دەستگیرکردنیان دا، کە وای لێکرد خۆی بتەقێنێتەوە."
پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "تەقینەوەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی یەکێک لە ئەندامانی دەوریەکە و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە."
هەروەها ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و گەمارۆیەکی ئەمنییان لە دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە سەپاندووە."