پەیامی کورد- دیمەشق... تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی مەززە لە دیمەشق ڕوویدا
میدیاکانی سووریا، شەوی دوێنێ شەممە ڕایانگەیاند، دەنگی ئەو تەقینەوەیەی لە شاری دیمەشق بیسترا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی سەرچاوە نادیار بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە.
ئاژانسی (سانا) لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
لای خۆشیانەوە، کەناڵی "ئەلئیخباریەی سووریا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ڕایگەیاند: "دەنگی تەقینەوەکە لە شاری دیمەشق بەهۆی هاویشتنی مووشەکێک بووە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی مەززە کەوتووەتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی لێ بکەوێتەوە."
پێشتر لە هەمان ڕۆژدا، ئاژانسەکە بڵاویکردبووەوە کە دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری ناوچەی مەززە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بیستراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی جۆری تەقینەوەکە و هۆکارەکانی.