پەیامی کورد- حەلەب... هەسەدە بوونی هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازیی خۆی لە گوندەواری حەلەب ڕەتدەکاتەوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ دووشەممە، هەبوونی هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازیی هێزەکانیان لە دەوروبەری "مەسکەنە" و "دێر حافر" لە حەلەب ڕەتکردەوە، لە کاتێکدا هێزەکانی حکوومەت ناردنی هێزی سەربازیی زیادەیان بۆ گوندەواری حەلەب ڕاگەیاند.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: "هێزەکانمان بەدواداچوون بۆ ئەو لێدوانە چەواشەکارانەی (وەزارەتی بەرگری) لە حکوومەتی دیمەشق دەکەن سەبارەت بە دۆخی مەیدانی لە دەوروبەری مەسکەنە و دێر حافر، و جەخت دەکەینەوە کە هیچ جووڵەیەکی سەربازیی هێزەکانمان لە ناوچە ئاماژەپێکراوەکاندا نییە و هەموو ئەو بانگەشانەی بڵاودەکرێنەوە بێ بنەمان."
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە کە دووبارەبوونەوەی ئەم ئیدیعایانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ جاری دووەم، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی گرژی و ڕەخساندنی بیانوو بۆ پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان، و لایەنە حکوومییەکانی بە بەرپرسیاری تەواوی هەر دەرئەنجامێکی ئەگەری زانی.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازیی حکوومەت بە کەناڵی "ئەلئیخباریە"ی ڕاگەیاندووە کە ناردنی ئەم هێزە زیادانە دوای ئەوە هاتووە کە "هەسەدە" دەستی کردووە بە جووڵەی هێزی سەربازی لە گوندەواری حەلەب.