ئاگاداری بەپەلەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنی بەڵگەی تاوانەکانی ئەم دوایی یە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوكردنەوەی ئاگادارییەکی گرینگ، لە خۆپیشاندەران، شایەتحاڵان، کارمەندانی پزیشکی و هەموو ئەو کەسانەی كە بە زانیاری و بینینی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە سەرکوتکارییەکانی ئەم دوایی یە لە ئێران زانیارییان هەیە، داوای كردووە كە بەڵگەكانیان بۆ ئەم ڕێکخراوە بنێرن.
بە پێی ئەم ئاگادارییە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وێڕای چڕکردنەوەی سەرکوتی کوشندە لە ناڕازییان لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران، بە سەپاندنی کۆت و بەند و پچڕانی ئینتەرنێت، هەوڵی شاردنەوەی ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لەو کەسانە کردووە کە زانیاری درووستیان سەبارەت بە گیان لەدەستدان، برینداربوون و تەقەکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بارودۆخی نەخۆشخانەکان و سەردخانە و ناوەندەکانی فەرماندەیی و جێبەجێ کردنی سەرکوت هەیە و دەستیان بە هەر ئامرازێكی پەیوەندی کردن ڕادەگات بە هەر شێوەیەک بێت، پەیوەندی بەم ڕێکخراوە بکەن.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەرگرتنی بەڵگەی بیندراو، لەوانە دیمەنی تەقەکردن، پووكەی فیشەک، وێنەی بریندارەکان، تەرمی گیان بەختكردووان و بەڵگەی دیکۆمێنتاری دیکە، ڕۆڵێکی گرینگییان لە تۆمارکردن و بەدواداچوونی ئەم تاوانانە بە شێوەیەکی یاسایی هەیە.
هەروەها ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای کردووە کە ئەم هێڵی پەیوەندییە بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بەکارنەهێنن و تەنها بۆ پێدانی زانیاری و بەڵگەنامەی تەرخان بکەن.
لە کۆتایی ئەم ڕاگەیاندنەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە ئامانجی پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی وورد و یاسایی، بڕیارە تا ئەو جێگایەی کە بتوانێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی تاوانە نێودەوڵەتییە بەردەوامەکانی دژ بە خۆپیشاندەران لە ئێران ئاگادار بکاتەوە. ناسنامەی پەیوەندیکەران دەپارێزرێت و هەموو لایەنێكی ئەمنی ڕەچاو دەکرێت.
ژمارەی پەیوەندی کردن لە ڕێگەی واتسئاپ و سیگناڵ و تێلێگرامەوە: