دوای زیاتر لە چواردە ساڵ لە سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، لوبنان لە چارەسەرکردنی یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی نزیکبووەتەوە، لەگەڵ دەرکەوتنی پلانێکی قەتەری بە ئامانجی گەڕاندنەوەی نزیکەی 400 هەزار پەنابەری سوریا بۆ زێدی خۆیان، بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی لوبنان و سوریا.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گۆڕانی دیمەنی سیاسی سوریا و هەڵگرتنی بەشێک لە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش ئەو بیانوویەی کە ڕەوایەتی بە بەردەوامی بوونی پەنابەران لە لوبنان دانابوو، لابردووە، وڵاتێک کە بارگرانییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زیاتر لە ٨٠ ملیار دۆلاری لە ئەستۆ گرتووە، بەپێی خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، پلانەکە هاندانێکی دارایی بۆ هەر خێزانێکی گەڕاوە لەخۆدەگرێت، کە بریتییە لە ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکان، یارمەتی مانگانەی نزیکەی 400 دۆلار، و پشتگیری لە بوارەکانی چاودێری تەندروستی، پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بڕیارە ئەم گەڕانەوەیە لە چوارچێوەی "قۆناغی هەشتەم"ی بەرنامەی گەڕاندنەوەی وڵاتەکەی، بە سەرپەرشتی ئاسایشی گشتی لوبنان و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێت. بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ جێبەجێکردنی تەواو بێت و زەمینە خۆش بکات بۆ کۆتایی هێنان بە ئامادەبوونی نایاسایی پەنابەران لە لوبنان.
لوبنان هیواخوازە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای چارەسەری پراکتیکی بۆ قەیرانی پەنابەران کە ساڵانێکە بارگرانی لەسەرە.