پەیامی کورد ... وەزارەتی دارایی عێراق ماوەی چەند رۆژێكە سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢٠، نوێنەرێكی كوردیش لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، دیاریكردنی پشكی ھەرێم بە رێككەوتن دەبێت لە نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق.
دكتۆر ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "ھەنگاوەكانی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێكردووە، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ئایندەیە و سێ نوێنەری لێژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانیش لەگەڵ وەزارەتی دارایین بۆ ئامادەكردنی بودجە، حەفتانە چەند كۆبوونەوەیەك بەڕێوە دەچن و بڕیارە لە دوای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی پەرلەمان بكرێت".
ئەم ئەندامەی لیژنەی دارایی هەروها دەڵێت: "بۆ ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانكاری لە بودجەی گشتیی عێراقدا دەكرێت و زیاتر گرینگی بە ئامانجەكان دەدرێت بۆ خەرجكردنی پارەی بودجە، واتە زیاتر ئەولەوییەت بۆ وەبەرھێنان دەبێت و دەمانەوێ سوود لە وەبەرھێنان وەربگرێت و پارەی بودجە بۆ ئەو كەرتانە بێت، كە سوودیان بۆ خەڵكی عێراق ھەیە".
پەیوەست بە پشكی بوودجەی ھەرێمی كوردستان، سەفار گوتی: "ئەوەی پەیوەندی بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ماددەیەكی تایبەتە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق و دەوەستێتە سەر رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، دانووستان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دەستی پێكردووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بەبێ رێككەوتنی نێوان ھەردوولاش، پشكی ھەرێمی كوردستان دیاری ناكرێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە