پەیامی کورد... عێراق؛ لە ماوەی دوو ساڵدا چوار هەزار ژنی خوار ١٥ ساڵ تەڵاق دراون
بەپێی ئامارێکی فەرمی، لە ماوەی دوو ساڵدا، واتە ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، چوار هەزار و ٩٢ حاڵەتی جیابوونەوەی ژنانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ لە دادگاکانی عێراق تۆمار کراوە و دادوەرانی تایبەتمەند هۆشداری دەدەن کە هاوسەرگیری پێشوەختە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانی دوو هێندە زیاد کردووە.
بەپێی ئەو ئامارە فەرمییانە کە ڕۆژنامە "داد"ی سەر بە حکومەتی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، "لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەزار و ٤٩٨ حاڵەتی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا ژمارەکە لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ دوو هەزار و ٥٩٤ حاڵەت بەرز بووەتەوە کە پارێزگای نەینەوا ڕیزبەندی یەکەمی گرتووە بە تۆمارکردنی هەزار و ١٥٥ حاڵەت."
حەسەن گڵۆب، دادوەری باری کەسی لە مووسڵ دەڵێت؛ "سەرباری گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان، عێراق هێشتا بە هۆی داب و نەریتە بۆماوەییەکانەوە، بەدەست بوونی هاوسەرگیریی پێشوەختەوە دەناڵێنێت، بە و پێیەی زۆر کەس پێیان وایە هاوسەرگیری پەردەیەکە بۆ ژنان و داهاتوویان دەپارێزێت، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی باوی کۆمەڵگایە."
سەبارەت بەو هۆکارانەی کە زۆرترین کاریگەرییان هەیە بۆ جیابوونەوە، دادوەر حەسەن گڵۆب ئاماژە بەوەدەکات کە «دۆخی ئابووری کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە ژیانی هاوسەراندا، هەروەها ئاستی کولتووری و ناتەبایی هزری نێوان هاوسەرەکان بەهۆی تەمەنی بچووکیانەوە، هاوکات چەند هۆکارێکی تر کە ئەوانیش ڕاستەوخۆن، لەوانەش گەشەسەندنی کۆمەڵگا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناپاکی هاوسەری».
ئاماژەی بەوەشکرد کە "پەیوەندی هاوسەرگیری چیتر نەماوە، سادەترین هۆکارەکان دەبنە هۆی جیابوونەوە، زۆرێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوە زۆر سەیرن، بۆ نموونە، کە مامۆستایەکی زانکۆ پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ شۆفێرێکی تاکسی دروست کردووە و وازی لە هاوسەرەکەی خۆی هێناوە کە ئەویش مامۆستای هەمان زانکۆ بووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە