بەهۆی مه‌ترسی ئاگری دارستانەکانی دوورگەی کەناریا لە ئیسپانیا، 26 هەزار کەس گواسترانەوە

بەهۆی مه‌ترسی ئاگری دارستانەکانی دوورگەی کەناریا لە ئیسپانیا، 26 هەزار کەس گواسترانەوە

پەیامی کورد... بەهۆی مه‌ترسی ئاگری دارستانەکانی دوورگەی کەناریا لە ئیسپانیا، 26 هەزار کەس گواسترانەوە


بەهۆی ئاگرەکانی تێنیریفی لە دوورگەکانی کەناریا لە باشووری ڕۆژئاوای ئیسپانیا، 26هەزار کەس گواسترانەوە بۆ ناوچەی ئارام.

کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دوورگەی تێنیریفی و گواستنەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسی لەسەرە بەردەوامە.

کاندیلاریا دیلگادۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی دوورگەکانی کەناریا، بە دەزگای ڕاگەیاندنی خۆجێی RTVCی ڕاگەیاند کە بەهۆی ئاگرەکەی تێنیریفیەوە تێکڕا 26 هەزار کەسیان گواستووەتەوە.

بەرپرسانی وڵاتەکە باس لەوە دەکەن کە لە15ی ئابەوە تا ئێستا، پێنج هەزار هێکتار زەوی کە گەورەترین پارکی سروشتیی دوورگەی کەناریاشیان لەنێودایە سووتاوە.

هاوکات بەرپرسانی کەشناسی تێنیریفی باس لەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما درێژە بکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوچەکە دەگواسترێنەوە ڕوو لە زیادبوون بکات.

بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە زیانی بە کەناڵێکی گواستنەوەی ئاو گەیاندووە کە ئاو دەگەیەنێت بە قەزاکانی باکووری دوورگەکە، کێشەی ئاو لە هەندێک ناوچە سەریهەڵداوە و داوا لە خەڵکی دەکرێت دەست بە ئاوەوە بگرن.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی دارستان، پێدرۆ مارتینێز، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا دوورن لەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و هەموو کارێکیان کردووە بۆ ئەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە زیانی گیانییان نەبێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیدارەی سەربەخۆی دوورگەکانی کەناریا، فێرناندۆ کلاڤیجۆ، لە لێدوانەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: ''دوێنێ شەو بارودۆخی کەشناسی زۆر توند بوو، ڕەشەبا و گەرما و هەلومەرجەکان لەسەرو پێشبینییەکانمانەوە بوو، کە بوونە هۆی ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات بۆ باکوور''.

زیاد لە 200 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و 13 فڕۆکە و هێلیکۆپتەر لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە