پەیامی کورد ... سیاسەتمەدارێکی عێراقی ئاشکراى کرد، فەرماندەی سوپای قودس ، باڵی دەرەکی سوپای پاسدارانی ئێران، کە بەم دواییانە وەک ڕێکخراوێکى تیرۆریستى لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەژمار کرا، بەنیازە شەڕێکى تایفی لە عێراق هەڵگیرسێنێت.
میسال ئالووسی، ئەمیندارى حزبی ئوممەى عێراقی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە : " قاسم سلێمانى، لە ڕێگەى میلیشیا شیعەکانیانەوە لە عێراق پیلانی داڕشتووە شەڕێکى تایفی لە نێو پێکهاتەکانى عێراق هەڵگیرسێنێت" ئاماژەى بەوەش داوە "پیلانەکەى سولەیمانى بریتییە لە بەئامانجکردنى مەزارە پیرۆزییە ئائینییەکانى عێراق، هاوشێوەى مەزارى ئیمامی عەسکری".
دواى تەقاندنەوەى مەزاری ئیمامى عەسکری لە سامەرا ساڵى ٢٠٠٦، کە یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکان لاى شێعەکان، جەنگێکى تایفی ناوخۆیی لەنێو پێکهاتەکانى عێراق درووست بوو، بەتایبەت لەنێو شێعەو سوننە مەزهەبەکان. بەو هۆیەوەش هەزاران خێزان لە شارەکانى خۆیان دەربەدەر و ئاوارە بوون و میلیشیا چەکدارەکانیش بەتایبەت ئەوانەى لە ڕژێمى ئێرانەوە نزیکبوون ڕۆڵێکى گەورەیان لەپرۆسەى کوشتن و ئاوارەکردنى هەزاران کەس هەبوو.
ئالووسی ئەوەشى دووپات کردەوە کە ڕژێمى تاران هەوڵێکى تاوانکارانە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى "فشارە نێودەوڵەتییە بەردەوامەکەى سەر ڕژێمەکەى پووچەڵ بکاتەوە، ئەویش لەرێگەى هەڵگیرساندنى شەڕ لەعێراق و درووستکردنى جەنگێکى وێرانکارى تایفی".
لەدواى دەرچوونى واشینتۆن لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمی ٢٠١٥، کە لە نێوان ئێران و شەش وڵاتە جیهانییەکە، تاران ماوە ماوە کار بۆ ئەوە دەکات بەغدا دژى ئەمەریکا بەکار بهێنێت و، تاڕادەیەکیش شکستى هێناوە. لەلایەن خۆشیەوە مەسعوود زاهد، پسپۆڕی کاروباری ئێران لە لێدوانێکدا ڕوونی دەکاتەوە "هەڕەشەکانى ئێران شتێکى نوێ نییە، پێم وایە ئەو هەڕەشانە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر سەرلێشێواوی ئێران کە بەهۆى سزاکانی ئەمەریکاوە تووشى بووەو، ئەنجامی خۆشی پێکاوە"، پێی وابووە "ئەگەر سزاکان ئەنجامێکى ئەوتۆى نەبووایە ئەوا هەرگیز ئێران پەناى بۆ هەڕەشە نەدەبرد".
هێماشی بەوە کردووە "ئەوەش ئەوە دەسلمێنێت ڕەوشى ناوخۆیی ئێران لە ڕووى ئابووریی و بژێوى خەڵکەوە گەیشتووەتە ئاستێکى هەستیار، ئەمەش مەترسی بۆ ڕژێمەکە دروست کردووە لە هەڵگیرساندنى شۆڕشی برسێتى و خۆپێشاندانى جەماوەر لەسەر شەقامەکان هاوشێوەى سەرەتاى ٢٠١٨، کە هەڕەشە لە مانەوەى ڕژێم بەو شێوەیە دەکات". زاهد دەشڵێت "ئێران دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانى بەرەو دەرەوە بگوازێتەوە".
ئەو پسپۆڕەش جەخت لەوە دەکاتەوە " ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانى هیچ کردەوەیەکى سەربازی ئەنجامنادەن، تەنها ئەو کاتە نەبێت ئێران کردەوەیەکى سەربازی ئەنجام بدات و، پێویستى بە وەڵامدانەوە هەبێت".
هەرچەندە ئەمریکا ڕایگەیاندووە ئەوان نایانەوێت بەشداری شەڕی دژى ئێران بکەن، بەڵام ئەگەر هاتوو تاران کارێکى ناڕەوای ئەنجام دا، ئەوا ڕووبەرووی وەڵامدانەوەیەکى تووندی سەربازی دەبێتەوە و واشینتۆنیش پێویستى بە ڕەزامەندی کۆنگرێس نابێت، وەک زاهد شی دەکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە