شەوی ڕابردوو لە ناوچە کوێستانییەکانی شاری شنۆ تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی دژبەری ئێران هاتە ئاراوە.
بەپێی هەواڵ و ڕاگەیندراوی گەیشتوو کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە " ١١ی ئۆگۆستی ٢٠١٨ " ، لە بەرزاییەکانی کێلەشین لە سنووری نێوان شنۆ و سیدەکان، تێکهەلچوونێکی قورس لەنێوان سوپای پاسداران و هێزێکی کوردستانی هاتووەتە ئاراوە.
بە ووتەی سەرچاوەکان ، لەو تێکهەڵچوونەدا لانیکەم ١٢ پاسدار کوژران و زیاتر لە ١٠ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بنکەی حەمزەی سوپای پاسداران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیندراوێک بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لەو تێکهەڵچوونەدا ١٠ کەس لە ئەندامانی ئەو هێزە کوردیە گیانیان لە دەست داوە. بەڵام لە ڕاگەیندراوەکەدا هیچ باسێکی لە کوژراو و بریندارەکانی سوپای پاسداران نەکراوە.
بە پێی ئەم هەواڵە ڕاگەیندراوە ، لەئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ٨ پێشمەرگە گیانیان لە دەست داوە و هاووڵاتییەکی مەدەنی خەڵکی شاری شنۆش بریندار و دواتریش بە دیل گیراوە.
فەرماندەی فەرماندەهیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان (حدکا) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەی بە ئەستۆ گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم شەڕە ٥ کاتژمێری خایاندووە. لە درێژەی ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە کە دواتر زانیاری زیاتر لەسەر ئەو شەڕە بڵاو دەکەینەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە