مەکگۆرک: هیچ بۆشایـیەک لەسوریا بۆ ئێران جێناهێڵێن

مەکگۆرک: هیچ بۆشایـیەک لەسوریا بۆ ئێران جێناهێڵێن

نوێنەری تایبەتی تەرەمپ لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش رایدەگەیەنێت، کە "ئەمریکا هیچ بۆشایـیەک لە سوریا جێناهێڵێت تاوەکو ئێران لە داهاتوودا پڕی بکاتەوە".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت، "نزیکەی (٩٨٪)ی ئەوەی پێیان دەگوت خەلافەتی ئیسلامی داعش لەناومان برد، بەڵام هەتا (١٠٠٪)ی لەناونەبەین ناسرەوین".

مەکگۆرک ئاماژەی بەوەشکردووە، كە هێزەکانی سوریای دیموکرات  رۆژی سێشەممە بەهاوکاری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی قۆناغی کۆتایی شەڕی داعشیان دەسـتپێکردووەو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی لە پارێزگای دێرەزۆردا لە ژێر دەستی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا ماون و دەكەونە سەر سنووری عێراق.

ئاشکراشیکردووە، کە زۆربەی سەرکردەکانی رێکخراوی داعش و چەکدارە بیانیـیەکانی نێو رێکخراوەکە لەو ناوچەیەن.

نوێنەرەکەی ترەمپ باسی لەوەشکردووە، کە هەرچەندە شەڕەکە قورس و دوورودرێژ دەبێت، بەڵام چەکدارانی داعش هیچ شوێنێکی دیکەیان نیـیە بۆی بکشێنەوە.

جەختیشیکردووەتەوە، کە وڵاتەکەی نیازی نییە بنکەی سەربازیی لەسەر خاکی سوریا دروست بكات و رایدەگەیەنێت، هەرچەندە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەوانە فەڕەنسا هێزی چالاکی بچووکیان لە سوریا هەیە، بەڵام بوونیان لەوێ تەنیا بۆ شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە