پەیامی کورد... هێزە عێڕاقەکان لە کەرکوک دەکشێنەوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند دۆخی کەرکووک هەنگاوی بەرەو ئاساییبوونەوە ناوە و لە قۆناغی یەکەمدا، ‘توانیمان هەموو هەمەڕ و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان لەنێو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بکشێنینەوە، هاتووچۆ لەو شارە ئاسایی بکەینەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند " قۆناغی دووەم و سێیەم هەیە بۆ ناردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی 2ی ئەیلوول و دەستگیرکردن و سزادانی یاسایی ئەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردبوو، کە بە هۆیانەوە چوار هاوڵاتی کورد شەهید بوون و 16ـی دیکەش بریندار بوون."
ئەوەشی خستەڕوو، " لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ئەو ڕووداوە ئامادەدەکات و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکات، لەو ڕوانگەیەوە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر."
هەروەها ووتیشی، ئەو دوو هێزە ئەمنییەیان دەستنیشانکردووە کە تەقەیان کردووە و، "دەستیان لە شەهیدکردنی ئەو چوار گەنجە کوردە هەبووە کە لە خۆپێشاندانی 2ی ئەیلوولدا شەهید بوون و هەموو بەڵگەیەکیان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی عێراق داوە."
تەقەکردن لە هاونیشتمانییانی خۆپێشاندەری شاری کەرکووک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و شەهیدکردنی چوار کەسیان لەکاتێکدابوو هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە بەرامبەر داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکووک – هەولێر کە لەلایەن عەرەبەکانی شارەکەوە لە 27ی ئابەوە تاوەکو ڕۆژی 2ی ئەیلوول، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو و ڕێگرییان لێ نەکردن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە