سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی پێشووی لەبارەی هاوڕەگەزخوازەکانەوە هەڵدەوەشێنێتەوەو قەدەغەی دەکات بەشداری لە ڕیزەکانی سوپای وڵاتەکەیدا بکەن.
بەپێی راگەیندراوێکی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی پێشووی ھەڵوەشاندەوە کە رێگە بە ھاوڕەگەزخوازەکان دەدات ئەرکی سەربازیی لە سوپا جێبەجێ بکەن، بەم پێیەش جیم ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، رێکارێکی دیکە لەمبارەیەوە دەگرێتەبەر.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەشداری هاوڕەگەزخوازەکان لەریزەکانی سوپای ئەمریکادا لەسەر چالاکییە سەربازییەکان مەترسیدارە.
پێشتریش پنتاگۆن رایگەیاندبوو، کە لە (١)ی کانوونی دووەمی ساڵی (٢٠١٨)ەوە رێگە بە بەشداری ھاوڕەگەزخوازەکان لەریزەکانی سوپا دەدات.
جێی ئاماژەیە لەمانگی حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٦)دا، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، داوای دامەزراندنی ھاوڕەگەزخوازەکانی لە پنتاگۆن کرد و بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش مۆڵەتی یەک ساڵی بە پنتاگۆن دابوو، بەڵام لەگەڵ کۆتایھاتنی مۆڵەتەکە، دۆناڵد ترەمپ، دژایەتی خۆی لەبارەی بڕیارەکە راگەیاند و دادگای ناوچەی واشنتۆنیش بڕیاری دامەزراندنی ھاوڕەگەزبازەکانی لەریزەکانی سوپا لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوو ھەڵوەشاندبووەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە