پارتی دیموکرات هۆشداری دەداتە حەشدی شەعبی

پارتی دیموکرات هۆشداری دەداتە حەشدی شەعبی

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان  ڕای دەگەیەنێت کە بە پیلانێکی مەترسیدار حکوومەتی عێراق بۆ بە عەرەبکردنەوەی سنووری کەرکووک کار دەکات و ئەو پیلانانەش حەشدی شەعبی جێبەجێی دەکات.

عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، ڕایگەیاند: "حکوومەتی عێراق بە پیلانێکی مەترسیدار پڕۆسەی بە عەرەبکردنەوەی سنووری پارێزگای کەرکووکی دەست پێکردووە و ئێستاش ئەو پیلانەی بە چڕی لە سنووری شارۆچکەی داقووق و لە گوندە کوردنشینەکان ئەنجام دەدات و ئەوەی کە ئێستا دەچێتە سەر گوندە کوردنشینەکان بە چەکەوە و بە ناوی داعشەوە ئەوانە زۆربەیان ھەر عەرەبەکانی سنووری حەویجە و داقووقن و حکوومەتی عێراق بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی ئەو کردەوەیە دەکەن، چونکە داعش ئەو توانایەی جارانی نەماوە کە بە چەندین جۆری چەک ھێرش بکات، ئەو پیلانەی حکوومەتی عێراق، حەشدی شەعبی جێبەجێ دەکات و ئێستا ئەوان ناوچەکانیان بۆ ئەو تاقمە چەکدارانە چۆڵ کردووە، بۆیە ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان دەچنە سەر گوندە کوردنشینەکانی سنووری داقووق".

کەرکووکی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو پیلانە وا دەکات لە ئەنجامدا خەڵک ناچار کراوە شوێن و ماڵی خۆی بەجێ بھێڵێت و لە داھاتووشدا عەرەب دەچنە شوێنەکانیان و پیلانی حکوومەتی عێراق زۆر روونە، چونکە ئەگەر مەبەستی پاراستنی ھاووڵاتییان بێت، خۆ دەبێ ھێز بنێریتە ئەو ناوچانە، بەڵام ئێستا ھێز نانێرێت و ڕێگەش نادەن ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و لەو لاشەوە گرووپی چەکدار پڕ چەک دەکەن و لەدژی گوندنشینانی کورد لە سنووری داقووق و شوێنەکانی تریش ڕێکیان دەخەن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە