ڕۆحانی و پوتین لە پەیوەندییەکی تەڵەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد

ڕۆحانی و پوتین لە پەیوەندییەکی تەڵەفۆنیدا دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد

سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران، حەسەن ڕۆحانی تاوتوێی هێرشەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسایان دژ بە رژێمی سووریا کرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی کرملین، پوتین لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ڕۆحانی کردووە و لەمیانیدا تاوتوێی هێرشەکانی دوێنێی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسایان بۆ سەر ئامانجەکانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا کردووە.

هەردوو سەرۆک جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو هێرشانە کارێکی نایاسایییە و زیانی گەورە بە پرۆسەی چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانی سووریا دەگەێنێت.

پوتین ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشی لەم شێوەیە پێشێلکردنی پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەردوامیدانی دەبێتە هۆی نانەوەی پشێووی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

هەر لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پوتین و ڕۆحانی تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەمەنیان کردووە.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو ووڵات دەربڕیوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە