پەیامی کورد... فڕۆکەیەکی دیکەی ئەرتەشی ئێران کەوتە خوارەوە
ئەرتەشی ڕژێمی ئێران کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی لە جۆری ''ئێف ١٤'' لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان، بەهۆی کێشەی تەکنیکی پشتڕاست کردەوە.
''ڕەسووڵ موعتەمێدی'' بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەش لە ئەسفەهان وتوویەتی کە ماتۆڕی ئەو فڕۆکەیە لە کاتی ڕاهێناندا لە ناوچەی پایەگای هەشتمی شکاریی ئەسفەهان لە کار کەوتووە و کەوتووەتە خوارەوە.
بە وتەی ناوبراو، کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە زیانی گیانیی نەبووە و فڕۆکەوان و یارمەتیدەرەکەی بە چەتر هاتوونەتە خوار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمە دووەمین ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە لە ئەسفەهانە، ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانیش فڕۆکەیەکی لە جۆری ''ئێف ٧'' لە شاری ''نائین'' لە پارێزگای ئەسفەهان کەوتە خوارەوە و دوو فڕۆکەوان کوژران.
هەروەها مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی لە جۆری ''ئێف ٥'' لە شاری تەورێز سێ کوژراوی لێ کەوتەوە.
ناوگانی ئاسمانیی ڕژێمی ئێران زۆر پرتووکاوە و تەمەنی فڕۆکەکانی ڕژێمی ئێران بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەگەڕێتەوە و بەهۆی گەمارۆکان ڕژێمی ئێران ناتوانێت ناوگانی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە