پەیامی کورد... جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕووی دایەوە
شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕوویدا و بە هۆییەوە کوژراو و بریندار لە هەر دوو لا کەوتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا دەڵێت، سوپای ئازەربایجان ٤٩ سەربازی ئێمەیان کوشتووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا ڕایگەیاند، «کاتژمێر ٠٠: ٠٥ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە بە کاتی یەریڤان [٢٣: ٠٥ی شەوی دووشەممە بە کاتی هەولێر] ئازەربایجان پێگەکانی سوپای ئەرمینیای بە ئاراستەی شارەکانی گۆریس، سۆتک و جەرمووک» لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە سەختی بۆردوومان کردووە. ئەرمینیا دەڵێت، ئازەربایجان لە هێرشەکانیدا درۆنیشی بەکارهێناوە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بە درێژایی سنووری نێوانیان بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەرێمی نۆگۆرنۆ قەرەباخ، ناوەناوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان یەریڤان و باکوو ڕوویداوە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئەرمینیای بە ئەنجامدانی «کاری گەورەی تێکدەرانە» لەنزیک ناوچەکانی داشکەسان، کەلباجار و لاچین لەسەر سنوورەکەی تۆمەتبار کرد. گوتیشی کە پێگەکانی سوپاکەی کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەرمەنەکان.
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەش کردووە، «ژمارەیەکی زۆری» کوژراو لەنێو هێزەکانیاندا هەیە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ئامارێک بکات.
شەڕەکە وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر زوو بێتە سەر هێڵ؛ ئەمریکا داوای کرد شەڕەکە بوەستێندرێت و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمریکا «زۆر نیگەرانە» لە هەڵکشانی گرژییەکان، لەنێویدا «هێرشکردنە سەر پێگە سڤیلنشینەکان.»
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەیشی خستەڕوو، «وەکو هەمیشە بە ڕوونی گوتوومانە، هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ئەم ناکۆکییانە شکنابەین و هەر دوو لا هاندەدەین بۆئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن.»
هەفتەی ڕابردوو ئەرمینیا ئازەربایجانی بە کوشتنی سەربازێکی لەسەر سنوور تۆمەتبار کرد.
لە مانگی ئابیشدا، ئازەربایجان گوتی، سەربازێکیان کوژراوە و سوپای قەرەباخیش گوتی دوو لە سەربازەکانی کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
هەردوو وڵاتە دراوسێکە تاوەکو ئێستا دوو جەنگیان لە دژی یەکدی بەرپا کردووە؛ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٨ کە شەش ساڵ بەردەوام بوو، دووەمیش لە ساڵی ٢٠٢٠ بوو. هەردوو جارەکەش لەسەر هەرێمی کێشەلەسەری قەرەباخ بوو.
جەنگەکەی پاییزی ساڵی ٢٠٢٠ کە شەش هەفتە بەردەوام بوو، بووە هۆی کوژرانی شەش هەزار و ٥٠٠ سەرباز. دواجار بە نێوەندگیریی ڕووسیا ئاگربەست ڕاگەیێندرا.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، ئەرمینیا دەستبەرداری بەشێکی خاکەکەی بوو، کە پێش چەندین دەیە لە قەرەباخ کۆنترۆڵی کردبوون و مۆسکۆ نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئاشتیپارێزی ناردە ئەو ناوچەیە بۆئەوەی چاودێریی ئاگربەستە لەرزۆکەکە بکات.
لە کاتی کۆبوونەوەکانی مانگی نیسان و ئایاری ئەمساڵدا بە نێوەندگریی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لەسەر ئەنجامدانی «گفتوگۆی پێشکەوتوو» ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئاشتی.
هێزە جوداخوازە نەتەوەییە ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەدوای دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ لە ئازەربایجان جیابوونەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە هەر دوو لا کوژراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە