پەیامی کورد ... ۱۵ هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە عێراق تۆمار کراوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەمە ٢٧ی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سەرتاسەری عێراقدا ١٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراوە، هەروەها چوار هەزار فەرمانی دەستگیرکردنیش بەهۆی توندوتیژییەوە دەرکراوە.
عەلی محەمەد سالم، بەڕێوبەری چاودێریی خێزان و منداڵ لە توندوتیژیی خێزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خێزان و منداڵ لە ساڵی ٢٠٠٩ دا دامەزرا و بەپێی دەستور چاودێری مافەکانی ژن و منداڵ دەکات لە چوارچێوەی خێزاندا”.
ئەو بەرپرسەی چاودێریی خێزان دەڵێت، “سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەتوانن سکاڵا و پەیوەندییەکانی ئەو کەسانە وەربگرن کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراویشدا کەسەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە حاڵەتەکانی توندوتیژی کە لە ئەمساڵدا تۆمارکراون لە بەغداد و سەرجەم شارەکانی دیکە ١٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژییە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی ١٧ هەزار حاڵەت بووە.
لەبارەی هۆکارەکانی توندوتیژیی خێزانییەوە ئەو بەرپرسەی توندوتیژیی خێزانی ئاشکرایکرد کە یەکێک لە هۆکارەکان گومان و ناکۆکی ناو خێزانەکان، هۆکاری ئابوری، خواردنەوە کحولییەکان و مادەی هۆشبەر، توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و سێکسی، هەروەها بازرگانی کردن بە ژنان، لەلایەکی دیکەوە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا، لە هۆکارە سەرکییەکانی خۆکوشتن، هەڵهاتن لە خێزان و بێزارییە لە ناو ژناندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەش خیانەتی هاوسەری یەکێکی دیکەیە لە حاڵەتەکان کە لە ئەمساڵدا ٢٢٧ حاڵەت بووە.
بەڕێوەبەری چاودێریی خێزانی دەشڵێت، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا چوار هەزار فەرمانی دەستگیرکردن بەهۆی توندوتیژییەوە تۆمارکراوە، هەروەها حاڵەتەکانیه دەستدرێژی کردنی پیاو بۆ سەر هاوسەرەکانیان نۆ هەزار حاڵەت تۆمارکراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانی دەرچووە، بەڵام هەندێک لە حاڵەتەکان بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کۆتاییهاتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە