ژنکوژی لە فەرەنسا ٢٠٪ زیادی کردووە

ژنکوژی لە فەرەنسا ٢٠٪ زیادی کردووە

پەیامی کورد... ژنکوژی لە فەرەنسا ٢٠٪ زیادی کردووە

بەپێی ڕاپۆرتێک لەژێر ناو نیشانی "کوشتن لە نێو هاوسەران"دا وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاماری ژنکوژیی لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەو ئامارە، ژمارەی ئەو ژنانەی لەلایەن هاوسەرانیانەوە کوژراون، ٢٠٪ زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢١ جیا لە ١٢٢ ژن، ٢١ پیاویش لەلایەن ژنەکانیانەوە کوژراون.

ژمارەی حاڵەتەکانی کوشتنی خێزانی بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینی یەکەم، زیاد بووە. بەو پێیە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە فەرەنسا، لە هەر دوو ڕۆژ و نیوێکدا، حاڵەتێکی کوشتنی خێزانی تۆمارکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژنان هەر وەکوو ساڵانی پێشوو، قوربانیی سەرەکیی توندوتیژی خێزانین. لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٠٢ ژن و لە ساڵی ٢٠١٩دا ١٤٦ ژن بە هۆی توندوتیژی خێزانییەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لێکۆڵینەوەکانی ئەمساڵیدا دەریخستووە زۆربەی بکوژەکان، پیاوانی خێزاندار، هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسی، بێکار و لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٩ ساڵان دان. پیاوانی سەروو ٧٠ ساڵیش، لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی ژنکوژان دان.

جیا لە پرسی کوشتن، لە هەر سێ ژن، یەک ژن قوربانیی توندوتیژی خێزانییە. ٦٤٪ی ئەو ژنانە ڕایانگەیاندووە، ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە، لەو ڕێژەیەش ٨٤٪ی ژنان، سکاڵایان لەسەر کەسی بەرامبەریان تۆمار کردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە