لە دایەنگەیەکی ئەمریکا پێنج منداڵ بەهۆی ئاگر گیانیان لەدەستدا

لە دایەنگەیەکی ئەمریکا پێنج منداڵ بەهۆی ئاگر گیانیان لەدەستدا

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە سەنتەرێکی چاودێری منداڵان لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریکا، پێنج منداڵ گیانیان لەدەستدا.

تەمەنی یەکێک لە منداڵەکان تەنیا هەشت مانگ بووە، ئەوانی دیکەش تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ حەوت ساڵاندا بووە. ئەو کاتەی ئاگرەکە کەوتووەتەوە منداڵەکان لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە خەوتوون. لەنێو دایەنگەکەدا گیریانخواردووە و لە ئەنجامدا سووتاون.

بەهۆی ئاگرەکە چەند منداڵێکی دیکە و ئافرەتێکیش کە لەنێو سەنتەرەکەدا کاریکردووە، برینداربوون.

بەگوتەی شایەتحاڵەکان کە قسەیان بۆ میدیاکانی ئەمریکا کردووە، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە 25 خولەک دواتر گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە.

تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە. بەرپرسانی پەنسلڤانیاش دەڵێن، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

ئەو ژنەی کە چاودێری منداڵەکانی کردووە و ماڵەکەی خۆی کردووە بە دایەنگە، لەنێو ئاگرەکە دەربازی بووە بەڵام بۆ چارەسەری سووتاوییەکانی خۆی گەیاندووەتە نەخۆشخانە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە