دەمیرتاش و ئۆندەر دادگایی دەکرێنەوە

دەمیرتاش و ئۆندەر دادگایی دەکرێنەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پارتەکە جارێکی دیکە لە ئیستەنبوڵ دادگایی دەکرێنەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، دانیشتنەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و، ئەمرۆ دووشەممە 30-4-2018 لە هۆڵی دادگاییکردنی ژمارە 2 لە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت. 

تا ئێستا چەند دانیشتنێکی دادگاییکردنی دەمیرتاش ئەنجام دراوە، کە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە وەـزیری ناوخۆی تورکیا و ئەندامبوون لە ”رێکخراوە تیرۆریستییەکان“ی دراوەتە پاڵ.

لە یەکەمین دانیشتنی دادگادا تاوەکو ئێستا سەرجەم داواکارییەکانی پارێزەرانی دەمیرتاش و ئۆندەر لەلایەن دەستەی دادگا رەتکراونەتەوە. چاوەڕواندەکرێت دەمیرتاش لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ  کە لە سیلیڤری بەڕێوەدەچێت، ئامادەبێت.
شەوی 4-11-2016  هاوسەرۆکانی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و 10پەرلەمانتاری دیکەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستگیرکران، تاوەکو ئێستاش 9 یان لە زینداندان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵی 2013 لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و سڕی سورەیا ئۆندەر وتاریان پێشکەشکرد. دواتر وتارەکانیان بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تیرۆر هەژمار کرا و خرانە زیندانەوە. شایانی باسە دادگای ئەستەمبوڵ سەرپەرشتی دۆسییەکە دەکات و یەکەم دانیشتنی دادگا لە بەرواری 14ی کانوونی یەکەمی 2017 بەڕێوەچوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە