پەیامی کورد ... سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان گوتی، بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، دوو پڕۆژەیان بەدەستەوەیە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی تەواوی بۆ جێبەجێكردنی ئەو دوو پڕۆژەیە دەربڕیوە و بەشداریكردنیشی لە "هەڵمەتی دارێك بچێنە و شارێك سەوز بكە"، هاندانێكی باشە بۆ هۆشیاریی ژینگەیی.
د. هەڵۆ عەسكەری ،سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا رێژەی سەوزایی لە هەندێك شوێنی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ناوچەكانی دیكە كەمترە، بە تایبەت لە باكووری هەرێم بە هۆی گۆڕانی كەش وهەوا و بوونی شەڕ لەو ناوچانە، دەگاتە 3 بۆ 4%، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەگاتە 13 بۆ 14% و لە هەولێر دەگاتە نزیكەی 13%، ئێمەش پلان و پڕۆژەمان هەیە زۆر لەوە زیاتری بكەین".
عەسكەری گوتیشی: "دوو پڕۆژەمان بەدەستەوە هەیە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان، بۆیە سەرقاڵی ئەوەین حكوومەت یاخود رێكخراوەكان بوودجەمان بۆ دابین بكەن، دوو شوێنیش دەستنیشان كراون، كە دارستانی دەستكردیان لێ دروست بكرێت و ئێستا زەوییش تەرخان كراوە و لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ چاوەڕێی دابینكردنی بودجە دەكەین، كە ئەو دارستانانەش لە سنووری پارێزگاكان دەبن".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، كاری بەردەوام دەكرێت بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكرێت، بۆیە بەردەوام دەبن تاوەكو زۆرترین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان سەوز بكەن.
دەشڵێ: "بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڵمەتی دارێك بچێنە و شارێك سەوز بكە، هاندانێكی زۆر باشە بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی خەڵكیش بەشداری بكات و هەر لەوێش داوای لە سەرۆكی حكوومەت و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد بە هەمان كار هەڵسن، ئەمەش دەبێتە هۆی بایەخدانی زیاتری سیاسەتمەدارانی كوردستان بە ژینگە، هەروەها بۆ نوێنەری ئەو وڵاتانەش كە لە هەرێمی كوردستانن تا دەگاتە ئاستی خوارەوە.
سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "هەر لەو هەڵمەتەدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی ئەو دوو پڕۆژەیەی خۆمان كرد و ئەویش رایگەیاند كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیمان دەكات، بۆ ئەوەی ئەو دوو پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە