پەیامی کورد ... لیژنەیەك بۆ چاودێریی جێ بە جێ كردنی یاسای بوودجە پێكدێت
بڕیارە بۆ چاودێریكردنی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراق، لیژنەیەكی پەرلەمانی پێك بێت، پەرلەمانتارێكی كوردیش لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێدەكەنەوە و ئەوكات وادەی پێكهێنانی لیژنەكە و ئەندامانی ئەو لیژنەیە دیار دەبێت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٣١ی ٣ی ٢٠٢١، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی ٢٠٢١ی عێراقی پەسەند كرد و، پشكی هەرێمی كوردستانیش تێیدا جێگیر كرا و بڕیارە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
لەو بارەیەوە، د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: "پاش ئەوەی یاسای بوودجە پەسەند كرا، ئێستا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە و بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكەش، لیژنەیەكی پەرلەمانی پێك دێت، كە هەفتەی داهاتوو، ٢٠ی مانگ، دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەكەنەوە و، ئەوكات وادەی پێكهێنانی لیژنەكە و ئەندامانی دیار دەبێت كە لە چەند ئەندامیش پێك دێت."
وەك ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، یاسای بوودجە پەسەند كراوە و لە كاتێكی نزیكدا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە و هیچ كێشەیەكی تێدا نییە.
لەبارەی سەردانیكردنی شاندەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و هەروەها سەردانەكەی سێ رۆژی ڕابردووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نەجاڕ ووتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەردانی سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كرد لە بەغدا، لە ماوەی داهاتووشدا سەردانەكان بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكانی تریش چارە بكەین، چوونكە هەرێمی كوردستان تەنها كێشەی دۆسیەی بودجە و مووچەی نییە لەگەڵ بەغدا، بەڵكو كێشەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و كێشەی شەنگال و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشمەرگە و دۆسیەی نەوت و گاز و چەندین دۆسیەی تریش ماون چارەسەر بكرێن، بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو دۆسیانەش، پێویستمان بە سەردانیكردنی بەغدا هەیە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە