پەیامی کورد... لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ لە مەکسیک 27 کەس گیانیان لەدەستدا
پۆلیسی مەکسیک رایگەیاند، لە ئەنجامی لادان و کەوتنە خوارەوەی پاسێک لە دۆڵێکی ویلایەتی ئۆتشاکای باشوری مەکسیک 27 کەس گیانیان لەدەستدا و داواکاری گشتیش دەڵێت، "هۆکاری رووداوەکە گرفتێکی میکانیکی بووە."
بێرناردۆ رۆدریگێز داواکاری گشتی ئۆتشاکا ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا 27 کەس بەهۆی وەرگەڕانی ئەو پاسەوە گیانیان لە دەستداوە و 17 برینداریش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
داواکاری گشتی ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی لێکۆلێنەوە و زانیارییە سەرەتاییەکان هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکە دەگەرێتەوە بۆ گرفتێکی میکانیکی.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی پاراستنی شارستانی مەکسیک رایگەیاند، شەش لە بریندارەکان بێهۆشن و لەو کاتەی گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە بارودۆخیان مەترسیدار بوو.
بە وتەی کاربەدەستانی مەکسیک، ئەو پاسە تایبەتە بە کۆمپانیایەکی گەشتیاری و سەرنشینەکانی لە مەکسیکۆی پایتەختەوە دەگواستەوە بۆ سانتیاگۆ دی یوسۆندوا و لە درەنگانی شەوی رابردوو بەرێکەوتبوو.
هیسۆس رۆمیرۆ بەرپرسی ناوخۆی مەکسیک دەڵێت، "وا دەردەکەوێت شۆفێرەکە کۆنتڕۆلی لەدەستدابێت و پاسەکە کەوتووەتە دۆڵێکەوە کە قوڵییەکەی 25 مەترە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە