ئەڵمانیا: "ڕێگە نادەین ڕووسیا جیهان دووچاری برسێتی بکات"

ئەڵمانیا: "ڕێگە نادەین ڕووسیا جیهان دووچاری برسێتی بکات"

پەیامی کورد... ئەڵمانیا: "ڕێگە نادەین ڕووسیا جیهان دووچاری برسێتی بکات"

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالینا بێربۆک ئاشکرای کرد کە وەک وڵاتانی جی حەوت، ڕێگە نادەن ڕووسیا لەڕێگەی ئەو جەنگەی دژ بە ئۆکراینا هەڵی گیرساندووە، جیهان بەرەو برسێتی ببات.

لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی ئانتۆنی بڵینکن، ئانالینا بێربۆک ڕایگەیاند: "پەیامی ئێمە وەک وڵاتانی جی حەوت ڕوون و ئاشکرایە. ڕێگە نادەین ڕووسیا لەڕێگەی ئەو جەنگەی هەڵی گیرساندووە جیهان بەرەو برسێتی ببات".

ئانالینا بێربۆک باسی لەوەشکرد کە لەگەڵ ئەمریکا پێکەوە هەنگاو دەنێن و گوتیشی: "لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانمان پێکەوە چاودێری هەنگاوەکانی ڕووسیا دەکەین کە لەڕێگەی دروستکردنی قەیرانی دانەوێڵەوە، هەموو وڵاتانی جیهانی دووچاری ناسەقامگیریی کردووە و بووەتە هۆی هەڵکشانی بەرچاوی نرخی خۆراک لە جیهاندا".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو وڵاتانەی خاوەنی پیشەسازییەکی بەهێزن، دژ بەو جەنگەی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا، هەڵی گیرساندووە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ.

لای خۆشییەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، ئیدانەی ئابڵۆقەکانی ڕووسیای بۆسەر دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکانی ئۆکراینای کرد و ڕایگەیاند: "یەکمان گرتووە بۆ داکۆکیی کردن لە بەها هاوبەشەکانمان. لە پێناو بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ، دیموکراسی و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بووینەتە یەک".

بڵینکن هاوکات سوپاسی ئەڵمانیای کرد کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی تایبەت بە ئاسایشی خۆراکی کردووە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە