پەیامی کورد... ئەمریکا مووشەکی دژە تانک دەداتە ئۆکراینا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار کاروانێکی دیکەی مووشەکی جاڤلین "مووشەکی دژە تانک" وەک هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا ڕەوانە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بە زووترین کات مووشەکی دژە تانک دەبەخشینە ئۆکراینا، لەبەر ئەوەی پێویستی بەو جۆرە مووشەکە هەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "جیهان بە کارە قێزەونەکانی سوپای ڕووسیا تاساوە، کە لە شاری بوچا دژی هاووڵاتییانی ئۆکراینا ئەنجامی داوە، بۆیە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بە توندی پشتیوانی لە سەروەری ئۆکراینا و خاکەکەی دەکات".
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئەمریکا بڕیاری دا بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکراینا بکات. بلینکن-یش ئاشکرای کرد، لە سەرەتای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بە کیێڤ کراوە، گەیشتووەتە ١.٧ ملیار دۆلار، بەڵام تەنیا لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، هاوکارییەکان گەیشتووتە ٢.٤ ملیار دۆلار.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە، مووشەکی جاڤین لە باشترینەکانە و هاوکارێکی گرنگی ئۆکراینییەکانە و کاریگەرییەکی باشی هەبووە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕووسیادا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە