پەیامی کورد... ناتانیاهۆ: لەمەودوا دەبێ هەر چەكدارێكی حەماس خۆی بە مردوو بزانێت
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە نوێترین پەیامیدا هەڕەشەی توند دەكاتە سەر چەكدارانی حەماس و ڕایدەگەیەنێ: "دەبێ هەر چەكدارێك خۆی بە مردوو بزانێت."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/10/2023، لە دوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کابینەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ڕێکەوتنی لەگەڵ باڵی ڕكابەری خۆی، ڕایگەیاند: "لەمەودوا دەبێ هەر چەکدارێکی حەماس خۆی بە مردوو بزانێت."
بنی گانتر، باڵی ڕكابەری ناتانیاهۆ، کە فەرماندەیی سوپای ئیسرائیلە، لەم کۆبوونەوەیەدا لە تەنیشت ناتانیاهۆ دانیشتووە و لە کۆتاییدا دەڵێت: "ئێستا کاتی شەڕە."
ئەم وتانەی ڕێبەرانی ئیسرائیل لەکاتێدایە، کە ڕۆژی چوارشەممە 11/10/2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتوێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ باسی لەوە کردووە، کە سوپاکەی دەبێت بە پێوەری یاساکانی شەڕ بجووڵێتەوە.
بایدن بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندووە: "لە هەستی تووڕەیی و هەست بە ڕووخانی خەڵکی ئیسرائیل تێدەگات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم وڵاتە دەبێت بەپێی یاساكانی شەڕ هەنگاو بنێت."
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژەی قوربانیانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر بووە و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس لە هەردوولا کوژراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە