پەیامی کورد... ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە ئێران دەکات بەشداری لێکۆڵینەوەی هێرشە
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە لیژنەیەک پێکهێنراوە.
جووتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیران هێرشە مووشەکییەکەی هەولێری ئیدانە کرد و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان.
وتیشی: لە بەشێکی کۆبوونەوە ئەنجوومەنی وەزیراندا چەند داواکاری و پێشنیازێک بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەڕووی هەیکەلیەتی ئیداریی و پڕکردنەوەی میلاکات و چەندانی تر خرانە ڕوو کە لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجەوە ئاراستە کرابوون، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە حکومەت خۆی بە قەرزداری شەهیدانی هەڵەبجە و شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکێتی خزمەتیان بکات، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت لە وەزارەتە تایبەتمەندەکان بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی پێشنیازەکان و جەختیشیکردەوە کە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێکی ئەخلاقی کەسوکاری شەهیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان بگرێتە ئەستۆ.
لە بەشێکی تردا جووتیار عادل ڕاشیگەیاند: هیچ دەزگایەکی ئیسرائیلی و لایەنێکی تر لە هەرێم بونی نییە، ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە داواشمان لە ئێران کردووە بەشدارێت لە لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاراستەی هەرێم کراون ئێمە پەرۆشین تا ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتییان نەخەینە ژێر هیچ هەڕەشەیەکەوە، ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە لەگەڵ دراوسێکانیدا هاوسەنگی بپارێزێت کە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی: پێشتریش هەوڵی جدیمان ئەوە بووە کە پارە تەرخان بکەین بۆ دابەشکردنی مووچە و بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی مووچە بەپێی ئەو داهاتەی هەیە، ئەو بڕە پارەیەی کە ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندیکردوە ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان ئێمە پێشتریش قەرزمان کردووە بۆ دابەشکردنی مووچە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ لە قەیرانی کۆرۆنا قەرزمان کردووە بۆیە خەڵکی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە کە سڵ ناکەین هەوڵی ئەوە دەدەین کە مووچە لە کاتی خۆی و بەردەوام دابەشبکرێت، درێغی ناکەین هەر بڕە پارەیەک بێتە گەنجینەی گشتی دابینی دەکەین بۆ مووچە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە