وەزارەتی کارەبا داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات

وەزارەتی کارەبا داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات

پەیامی کورد     ...    وەزارەتی کارەبا داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات

ووتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاندووە ، سەرەڕای سەختی دۆخی ئابووری و تەندرووستی، بەڵام هاووڵاتیان تا رادەیەكی باش بە دەم داواكارییەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتن بۆ دانەوەی قەرزەكان. دەشڵێ، وەزارەتەكەیان بە نووسراوی فەرمی داوایەكی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەكان.

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی رابردوویدا بڕیاری دابوو هەر كەسێك قەرزەكانی ئاو، كارەبا و خانووبەرە بگەڕێنێتەوە، ١٥% لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، بەو مەرجەی تا رۆژی ١٥ی ئەم مانگە قەرزەكە بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هاووڵاتیانی كوردستان سەرەڕای سەختیی دۆخی ئابووری و تەندروستی، بە دەم داواكارییەكەی حكوومەتەوە هاتن".

ووتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت: "ئەو ماوەیەی كە ئەنجوومەنی وەزیران دیاری كردبوو، زۆر كەم بوو بۆ گێڕانەوەی قەرزەكان، لە بەر دوو هۆكار، یەكەمیان لەبەر رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، دووەمیان لەبەر زۆریی قەرزەكان، كە زیاتر لە یەك تریلیۆن دیناری عێراقییە و لای هاوولاتیان و فەرمانگە حكوومیەكان و سێكتەرەكانی دیكەیە، بۆیە وەزیری كارەبا نووسراوێكی فەرمی داوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ درێژكردنەوەی ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەكان بە هەمان لێخۆشبوونی ١٥%ی كۆی گشتی قەرزەكە".

ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: "لە ناوەڕۆكی نووسراوەكەدا داوا كراوە كاتەكە تا ١٩-٩-٢٠٢٠ درێژ بكرێتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت لە دوو رۆژی ئایندەدا ووڵامی نووسراوەكە بدرێتەوە".

لای خۆشیەوە، عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانووبەرەی هەولێر، ڕایگەیاندووە : "دوێنی دوایین ڕۆژی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بوو و لە ئێستادا كاری پێ ناكرێت، تا بە شێوەیەكی فەرمی حكوومەتی هەرێم ماوەی وەرگرتنی قەرزەكە درێژ دەكاتەوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە