سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کران

سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کران

پەیامی کورد … سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کران

 

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی بۆکان، سێ هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد و گواستیاننەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ئورمیە.

 

بە گوێرەی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢١، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکان، سێ هاووڵاتییان بە ناوی "کەژاڵ ئەمینی"، "شەمزین محەمەدی" و "عەزیمە ناسری"دەستبەسەر کرد و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواستیاننەوە.

 

ئەم دەستبەسەرکردنانە وەک لە چالاکییەکانی پێشووی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە کوردستان بە شێوەی نایاسایی و بە بێ هیچ جۆرە مۆلەتێکی یاسایی و دادوەری بووە و هۆکاری دەستبەسەرکردنەکانیش ئاشکرا نەکراوە.

 

رۆژی رابردوو، بەشی پەیوەندییەکانی قەرارگای سەیدولشوهەدای هێزی زەمینیی سپای پاسدران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک باسی لە پێکدادانێکی چەکداری لە ناوچەی بۆکان کردبوو. لەو ڕاگەیاندراوەدا باس لە کوژرانی دوو کەس لە لایەنی بەرانبەر و دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتی کرابوو.

 

هەنگاو هاوکات لەگەڵ پشتراستکردنەوەی ڕوودانی پێکدادانی چەکداری لە نزیک گوندی عیلمابادی بۆکان لە نێوان یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان و سپای پاسداران، بە هۆی دەستبەسەرکردنی بێ بەڵگە و دۆسیەسازی لە دژی هاووڵاتیانی ئاسایی لە پاش ئەو پێکدادانانە، نیگەرانیی خۆی ڕادەگەیەنێ.

 

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە