ڕووسیا : '' ئیسرائیل هه‌شت مووشه‌كی به‌ بنكه‌یه‌كی رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ ناوه‌''

ڕووسیا : '' ئیسرائیل هه‌شت مووشه‌كی به‌ بنكه‌یه‌كی رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌ ناوه‌''

ڕووسیا ڕایگەیاند، دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئیسرائیلی جۆری F-15 بنكه‌یه‌كی ئاسمانییان له‌ سووریا كردووه‌ته‌ ئامانج.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ هێرشه‌كه‌ له‌ نێوان كاتژمێر ٠٣:٢٥ بۆ ٠٣:٥٣دا بێ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان بێنه‌ نێو كایه‌ی ئاسمانیی سووریاوه‌، ئه‌نجامدراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ ''دوو فڕۆكه‌ی جه‌نگیی سه‌ر به‌ هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە جۆری F-15، بێ ئه‌وه‌ی بێنه‌ نێو كایه‌ی ئاسمانیی سووریاوه‌ له‌ لوبنانه‌وه‌ هه‌شت مووشه‌كیان ئاراسته‌ی بنكه‌ی ئاسمانیی T-4 كردووه‌. یه‌كه‌كانی به‌رگریی سه‌ر به‌ هێزی ئاسمانیی سووریا، پێنج له‌ مووشه‌كه‌ ئاراسته‌كراوه‌كانیان له‌ میانی هێرشه‌كه‌دا تێكشكاند. سێ مووشه‌كه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ به‌شی خۆرئاوای بنكه‌كه‌ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌''.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ که‌ ڕاوێژكاره‌ سه‌ربازییه‌ ڕووسییه‌كان به‌ هۆی هێرشه‌كه‌وه‌ زیانیان به‌رنه‌كه‌وتووه‌.

تا ئێستا ئیسرائیل هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌.

رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو ده‌ورووبه‌ری كاتژمێر ٠٤:٠٠ هێرشی مووشه‌كی كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ی T-4 ی ئاسمانیی له‌ پارێزگای حومس و هێرشه‌كه‌ كوژراو و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە