یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

پەیامی کورد... یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت

ئەمرۆ چوارشەممە 6_ی ئه‌یلول_ی 2023 ، كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەشداری ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی سەركرایەتی و بەرپرسی سەرجەم لقەكانی یەكێتی زانایان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، كۆبوونەوەكە وێڕای باسكردنی ئامادەكارییەكان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایان و تاوتوێی چەند پرسێكی ئایینی و پیشەیی، تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتە هەنووكەییەكان لەدۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی گوزەرانی خەڵك و بابەتی بودجە و موچه ‌و مافی هاووڵاتیان و كێشەكانی ئەم دواییەی شاری كەركووك و رۆڵ و خزمەتی زانایانی ئایینی و پرسی دامەزراندنی خۆبەخشان، هەروەها جەخت لە هاوهەڵوێستی و كاری پێكەوەیی لەچوارچێوەیی بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی كرایەوە و، بۆ بەرچاوڕوونی رای گشتی و لایەنی پەیوەندیدار چەند خاڵێك بە گرنگ دەزانێت.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان:-

زانایانی ئایینی قەدرگران

موسڵمانانی بەرێزی كوردستان

لەروانگەی هەست كردنمان بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی و سەقامگیری كیان و كۆمەڵگەو بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی كوردستان، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەلاغێك كۆتایی بە كۆبوونەوەی خۆی هێناو ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بە گرنگ دەزانێت:

یەكەم: گەلی كورد لە چوارچێوەی هەستی موسڵمانێتی خۆیدا هەمیشە رێزگرتن لە رێڕەوی گەورە زانایان بەلایەوە گرنگ بووە و، بە سەرچاوەیەكی بەهێزی لایەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لێی روانیوە، بەردەوامیش هەوڵ و خزمەتەكانی مەلای كورد بەرهەمدارو لە گەشەو پێشكەوتن خۆی بینیوەتەوەو نەكەوتۆتە ژێر باری فەوزای دروستكراوو ناكۆكی و ململانێی نا تەندروستەوە.

دووەم: یەكێتی زانایان لە گوزەرانی زانایان و بارودۆخی ئایینی و رەوشی ئیدارەدان و ئاستی هەوڵ و هەنگاوو كاردانەوەكان تێدەگات، بەردەوام پەیامی خۆی هەبووەو پێشنیاری دیراسەكراوی گەیاندووە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە سەرجەم زانایان سوورتر دەبین لەخزمەتكردنی ئایین و پاراستنی رێڕەوی گەورە زانایان و، ئەو ئامانجانەی یەكێتی زانایانی لەسەری دامەزراوە.

سێیەم: لەپێناو پاراستنی بەهای كاری بانگەوازی و گوتاری ئایینی و بەرەو پێشبردنی رەوشی دینداری و ئارامی دۆخی مزگەوتەكان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و، رێگری لە نالەباری بۆچوونی هاوردەو نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگەو رێڕەوی زانایان و، یەكدەنگی و یەكڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد وەك هەر وڵاتێكی تری ئیسلامی، لەرووی فكری و عەقیدەیی دێرینی مەلای كورد پەیڕەوكردنی مەزهەبی ئیمانی شافیعی وەك مەزهەبی رسمی هەرێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت.

چوارەم: یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مەرجەعی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی مەلای كوردەو نوێنەرایەتی زانایانی ئایینی لەهەرێمی كوردستان دەكات، ئەنجومەنی باڵای فەتوای ئەم یەكێتیەش بەرپرسیارە لە دەركردنی فەتواو بابەتە ئیجتیهادییەكان، بۆیە ناكرێ مینبەری مزگەوت و كەناڵ و پەیج و سایتی كەسی ببنە شوێنی فەتوادان، هەروەها مزگەوت شوێنی خواپەرستی و ناوەندێكی گەورەی پەروەردەی رۆحی و ئیمانییە، پێویستە پەرەی زیاتری پێ‌ بدرێت، وە رێگە نەدرێت ببێتە شوێنی پەرتەوازەیی و لێكترازان و ناكۆكی و ململانێی فكری و مەزهەبی و كەشی ئارامی دینداری بشێوێت، چونكە دەبێتە فاكتەری بەرهەمهێنانی رق و كینەو ئاژاوەو گوتاری توندڕەی و دواجار خزمەتێك بە گەل و وڵات ناكات.

پێنجەم: یەكێتی زانایان نیگەرانە لە دۆخی نالەباری كەركوك و گوزەران و دواكەوتنی موچەی هاوڵاتیان لە لایەن حكومەتی عیراقەوە، كە نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت، داواش لە هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەین بە یەكهەڵوێستی و تەبایی نێوخۆی هەرێم ئاوڕی جددیتر لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان بدەنەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە