کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا هۆشداری دەدەنە بەغدا

کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا هۆشداری دەدەنە بەغدا

پەیامی کورد   ...   كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا، ھۆشدارییان داوەتە بەغدا لە سووتاندنی دەغڵ و دانەكانیان و پەرلەمانتارێكی كریستیانیش دەڵێ، مەترسی لەسەر گەنمی جووتیارانی كریستیان ھەیە و چەند حاڵەتێكی سووتانیش تۆمار كراون.

 رۆبینا تیاری، پەرلەمانتاری كریستیان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "بەشێكی زۆری كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا بە ھۆی بژێوی ژیانیان گەڕاونەتەوە شوێنەكانیان و ئەمساڵ زەوییەكانیان چاندووە بە گەنم، بەڵام لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەی سووتاندنی گەنمی جووتیاراندا، مەترسیەكی گەورە لەسەر دەغڵودانی كریستیانەكانی دەشتی نەینەواش درووست بووە".

پەرلەمانتارەكەی كریستیان دەڵێت: "ھەندێ حاڵەت ھەبووە لە سووتاندنی گەنمی جووتیارانی كریستیان، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی وەك ناوچەكانی دیكەی خانەقین و كەركووك و مەخموور بەربڵاو بێت".

تیاری، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كریستیانەكان لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە ھۆشدارییان داوەتە حكوومەتی عێراق لە مەترسی سووتاندنی بەرھەمی ئەمساڵیان، چونكە حكوومەتی بەغدا بەرپرسە لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانە و پێویستە بەرگری لە ھاووڵاتیان بكات، بە تایبەتی ھێزی میلیشیات لە دەشتی نەینەوا ھەن و كریستیانەكان ترسیان ھەیە ھاوشێوەی ناوچەكانی دیكەیان بەسەر بێنن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە