پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی فەڕەنسا دەکات
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ووتی، بڕیارە سبەی سەرۆکی فەرەنسا بگاتە ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ بکرێت. گوتیشی، مەبەست لە ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا ئەوەیە پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێم دووپات دەکاتەوە.
عەلی دۆڵەمەڕی ڕایگەیاند : "دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراقی کرد، بڕیارە سبەی بە سەردانێکی فەرمی بگاتە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی ھەولێر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی ھەرێمەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.''
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتیشی: "مەبەستی ھاتنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەیە کە پێگەی ھەرێمی کوردستان گرنگە و لەلایەن فەرەنساوە زۆر گرنگی بە کورد دەدرێت، چونکە ئێستا تا ڕادەیەک دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باش نییە و دۆخی ئەفغانستانیش زۆر خراپە، بۆیە سەرۆکی فەرەنسا دێتە ھەرێمی کوردستان تا پشتگیری خۆی بۆ ھەرێم دووپات بکاتەوە کە ھەمیشە پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بووە.''
دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەی سەرۆکی فەرەنسا لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت و کۆ دەبنەوە، چاوی بە سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت و دوای ئەو کۆبوونەوانە سەردانی خانەوادەی شەھیدان دەکات و دواتر دەچێتە مووسڵ و ھێزەکانی خۆیشیان لە ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە.''
دۆڵەمەڕی باسی لەوەش کرد: "فەرەنسا پشتگیری لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکات و دڵنیاییش دەداتە ھەرێمی کوردستان کە ھەمیشە پاڵپشتیان دەبێت و پشتگیرییان دەکات.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە