ترەمپ بایدن بە "گەمژە و پەککەوتوو" ناودەبات

ترەمپ بایدن بە "گەمژە و پەککەوتوو" ناودەبات

پەیامی کورد... ترەمپ بایدن بە "گەمژە و پەککەوتوو" ناودەبات


لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بە "گەمژە و پەککەوتوو" ناوی برد و وتی، "هەموو جیهان بە ئەمریکا پێدەکەنن و وادەزانن بایدن گەمژەیە."

لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و كاندیدی بەهێزی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا لە شاری رینۆی ویلایەتی نیڤادا بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە لایەنگرانی، بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد.

ترەمپ لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر بایدن و بە "پەککەوتە" ناوی برد و وتی، "ئەو سەرۆکێکی زۆر خراپە". ترەمپ بە لایەنگرانی وت، "هەڵاوسان لە وڵات بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەتەوە و بایدن خەریکە گیرفانەکانتان بەتاڵ دەکات؛ خەونەکانتان دەکوژێت و خەڵکی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەکات."

ناوبراو داوای لە ئەندام و لایەنگرانی کۆمارییەکان کرد لە هەڵبژاردنی بەربژێری پارتەکەیدا پشتیوان بن کە لە 8-2-2024 لە نیڤادا دەکرێت.

هەروەها ترەمپ رەخنەی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گرت و وتی، هەموو جیهان بە ئەمریکا پێدەکەنێت و ئەمەش بەهۆی لاوازیی بایدنەوەیە و رایگەیاند، "بەڵام ئەوە پێکەنین نییە بە ئەمریکا، بەڵکو پێکەنینە بە بایدن و وادەزانن سەرۆکەکەی ئێمە گەمژەیە."

لەبارەی ژمارەی کۆچبەرانەوە وتی، "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیدارەی بایدن، ئەوان [کۆچبەرەکان] شارەکان داگیردەکەن. وڵاتەکەمان هیچ کات هێندەی ئێستا کۆچبەری بۆ نەهاتووە."

رۆژی شەممەش لە بانگەشەیەکی جیادا لە ویلایەتی نیو هامشێر، ترەمپی 77 ساڵ وتی، "ئیدارەی بایدن رێگە بە 15 بۆ 16 ملیۆن کۆچبەر دەدات بێنە نێو وڵاتەکەوە بێ ئەوەی کەس لێیان بپێچێتەوە. بۆیە ئێمە کاری زۆرمان لەپێشە."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە