بەپەلە ... ئەگەری کوودەتا لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان

بەپەلە ... ئەگەری کوودەتا لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان

کێشەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای کێشەی گۆڕینی کێلۆنی دەرگاکەی عەبدوڵای مەلانووری زەقتر بووەتەوە و میدیایەکی سەر بە باڵی ناڕازییەکانی نێو گۆڕانیش ئاشکرای کردووە کە دوورخستنەوەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە ژووری سکرتاریەتی گۆڕان، سەرەتای دەرکردنی هەڵسووڕاوە ناڕازییەکانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ماڵپەڕێکی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کردووە، فەرمانەکەی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی گۆڕان گۆڕینی کێلۆنی ژوورەکەی عەبدوڵای مەلا نووری، سەرەتای دەرکردنی ناوبراو و ئەو هەڵسووڕاوانەی دیکەی گۆڕانە کە " پڕۆژەی هەستانەوەی گۆڕان " یان هەڵگرتووە.

ئاماژەش بەوە دراوە کە تەنانەت لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ١٠ی ١٠ی ٢٠١٨ەوە تاوەکوو ئێستا، زیاتر لە ٢٠ ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان داوا دەکەن شوێنێکیان بۆ دیاری بکرێت تاوەکوو تێیدا کۆبوونەوە لەبارەی دۆخی ناوخۆیی گۆڕان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ”ڕێگەیان پێنادەن کۆبوونەوەکە بکەن“.

هەروەها سەرچاوەیەکی ناو گۆڕان بڵاوی کردوەتەوە: ”عەبدوڵای مەلای نووری ‌و چەند ھەڵسوڕاوێکی دیکەی گۆڕان، لە ژووری سکرتاریەتی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە، سەرقاڵی کۆبوونەوەی تایبەت ‌و پیلانگێڕی بوون ‌و ھەنگاوەکانیان بۆنی ئەنجامدانی کودەتای لێھاتووە بەسەر دامەزراوە ڕەسمییەکانی گۆڕاندا، بۆیە ڕێکخەری گشتی ئەو ھەنگاوەی گرتووەتە بەر و سنوورێکی بۆ جموجۆڵەکانیان داناوە“.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە