PeyamaKurd - ترامپ : لە ئێران شتێکی ئەوتۆ بۆ ئامانج گرتن نەماوەتەوە
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەمانی ئامانجی سەربازی گرینگ، "بەزوویی" کۆتایی دێت.
ترامپ جەختی کردەوە کە زۆربەی ناوەندەکان تێکشکێندراون و تەنیا هەندێک خاڵی بچووک ماونەتەوە، هەربۆیە هەر کاتێک ئەو بڕیار بدات، کۆتایی بەم شەڕە دەهێنێت.
لەلایەکی تەرەوە، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت هێرشە هاوبەشەکانیان زیانی قورسی بە ڕێژیم گەیاندووە و تا بەدیهاتنی تەواوی ئامانجەکان بەردەوام دەبن.
هەرچەندە ترامپ باس لە کۆتایی شەڕ دەکات، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی هەردوو ووڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا هیچ فەرمانێکی فەرمی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دەرنەکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئاکسیووس"، پلانی هێرشەکان بۆ ناوخۆی ئێران لانیکەم بۆ دوو هەفتەی تریش داڕێژراوە. ئەمە نیشان دەدات کە سەرەڕای تێکشکانی ژێرخانە سەرەکییەکان، ئۆپراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سڕینەوەی پاشماوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی درێژەی دەبێت.