PeyamaKurd - سەرۆکی دیوان پێشوازی لە کونسووڵی گشتی ئاڵمانیا کرد
یەکشەممە 2026/5/10 فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئالبرێشت فۆن ڤیتكه، كونسووڵى گشتی ئاڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای پەیوەندییەکان، ڕەوشی ناوخۆ و دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە، تاوتوێ کران.
لە بەشێکی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە گرینگی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا و کارکردن بۆ پەرەپێدانیان و پتەوترکردنی هاوکاری هاوبەشیان لە کایە جیاجیاکاندا، کرا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، سەردانی هەفتەی ڕابردووی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ تێکڕای لایەنە عێراقییەکان، بە گرینگ دانرا و وەک هەوڵێکی کاریگەر بۆ کۆکردنەوەی هەمووان لە پرۆژەیەکی نیشتمانی دا بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قۆناغەکە، هەڵسەنگێنرا.
دۆخی ناسەقامگیری هەرێمی و ئاڵۆزی و گرژییەکان لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، تیایدا وێڕای شیکردنەوەی لێکەوتەکانی، جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان لەپێناو ئاشتییەکی جێگیردا، کرایەوە.