PeyamaKurd - نیکی هێلی : ئامانجی تاران لە درێژکردنەوەی دانووستانەکان دەست ڕاگەیشتنە بە چەکی ئەتۆمی
نیکی هێلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دا کە کۆماری ئیسلامی ئێران پرۆسەی دانوستانەکان درێژ دەکاتەوە، چونکە هەمیشە تەنیا مەبەستی بووە کات بکوژێت و هەرگیز نەیویستووە بگاتە هیچ ڕێککەوتنێک.
هێلی لە پۆستێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند : "ئێران خۆی لە ڕێککەوتن دەدزێتەوە، چوونکە چەکی ئەتۆمی دەوێت تا لەو ڕێگەیەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل، ئەمریکا و تەواوی جیهان بکات."
ئەم لێدوانانەی هێلی دوای ئەوە دێن کە هەواڵدەری ڕویتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ڕێژیمی ئێران ەوە ئاشکرای کرد کە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆنترۆڵ کردنی گەرووی هۆرموز، هێشتا وەک دوو خاڵی سەرەکی ناکۆکی لە نێوان تاران و واشینتۆن دا ماونەتەوە و هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.